گرۆسی: بینایەکی نزیک کوورەی ئەتۆمیی بوشەهر تێکشکێندراوە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە بینایەک کە تەنیا 350 مەتر لە کوورەی ئەتۆمیی وێستگەی بوشەهر لە ئێران دوور بووە، کراوەتە ئامانج و بە تەواوی وێران کراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ زیانێک بەر خودی کوورەکە نەکەوتووە.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، رافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بینایەکی خزمەتگوزاری لە نێو کۆمەڵگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە باشووری ئێران هێرشی کراوەتە سەر و خاپوور کراوە.

گڕۆسی دڵنیایی دایە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە سەرڕای تێکشکانی ئەو بینایە، بەڵام هیچ زیانێک بەر خودی کوورە ئەتۆمییەکە نەکەوتووە و هیچ کام لە کارمەندانی ناو وێستگەکەش تووشی پێکان یان زیان نەبوون.

هەروەها ئەلێکسی لیخاتشێڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆساتۆمی رووسی رایگەیاند، مووشەکێک بەر ناوچەیەکی نزیک لە بینای خزمەتگوزاریی پێوانەکردن لە ناو وێستگەی بوشەهر کەوتووە. لیخاتشێڤ ئاماژەی بەوە کرد کە تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە ئاستی ئاسایی خۆیدایە و هیچ کام لە فەرمانبەرەکان تووشی پێکان نەبوون، بەڵام جەختی کردەوە کە 480 هاووڵاتیی رووسی لە وێستگەکەدان و مۆسکۆ خەریکی ئامادەکارییە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە و گەڕاندنەوەیان.

هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە پشتڕاستی کردەوە کە لەلایەن تارانەوە ئاگادار کراونەتەوە لە هێرشەکە، بەڵام هیچ زیانێکی مادی یان گیانی تۆمار نەکراوە.

پێشتریش رافایل گڕۆسی، جارێکی دیکە داوای لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و دوور بکەونەوە لە کردنە ئامانجی وێستگە ئەتۆمییەکان، چونکە هەر لێدانێکی راستەوخۆ دەبێتە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی و تیشکدانەوەی مەترسیدار کە هەڕەشە لە تەواوی ناوچەکە دەکات.

وێستگەی بوشەهر، کە تاقە وێستگەی ئەتۆمیی چالاکی ئێرانە، دەکەوێتە دووری 570 کیلۆمەتر لە باشووری تاران و بنکەیەکی دەریایی و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی گرنگی لە تەنیشتە.