کەرکووک.. گۆڕینی بەرێوەبەری کشتوکاڵ، کێشەی جووتیارانی چارەسەر نەکردووە
جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکوک رووبەڕووی کۆسپی بەردەوام دەبنەوە و نیگەرانییەکانیان لەبارەی زەویوزارەکانیانەوە پەرەی سەندووە. ئەوان دەڵێن گۆڕینی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگا کێشە بنەڕەتییەکانیان چارەسەر ناکات.
کێشەکان بریتیین لە جێبەجێنەکردنی یاسا و بڕیارەکان و دەستێوەردانی لایەنە ئەمنی و سیاسییەکان.
بەشێک لە جوتیاران باس لەوە دەکەن سوپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان رێگرییان لێدەکەن لە کێڵانی زەوییەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی دیکەی کێشەکان پەیوەستن بە بڕیارەکانی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوکەوە.
عەباس ئەبوبەکر، یەکێک لە جوتیارەکان، گوتی: "کەس لەسەر ئەم ستەمە نایەتە وەڵام. دەچینە هەر فەرمانگەیەکی حکوومی و لای هەر یاسایەک، کەس وەڵامی ئێمەی جوتیار ناداتەوە."
جوتیارێکی دیکە دەڵێت: "هەموو ئەو بڕیارانەی دەرچوون جێبەجێ نەکراون. سوپای عێراقی بە زەبری هێز دەستدرێژی دەکاتە سەر مافەکانمان."
زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان لە سنوورەکەدا کێشەیان بۆ دروستکراوە و گرێبەستەکانیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
لەم دواییانەدا، بە بڕیاری دادگای کارگێڕی، بەڕێوەبەرێکی تورکمان بۆ پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک گەڕێنراوەتەوە. ئەمە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. بەشێک لە جوتیارانی کورد پێیان وایە مانەوەی ئەو بەڕێوەبەرە تورکمانە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە و داوایان کردووە نەگۆڕدرێت. ئەوان نیگەرانن بەپێی رێککەوتنی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک، پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵ بەر پێکهاتەی عەرەب بکەوێت. جوتیاران ترسیان هەیە ئەم گۆڕانکارییە زیانی زیاتریان پێبگەیەنێت.
جوتیاران جەخت لەوە دەکەنەوە چارەسەری کێشەکەیان لە گۆڕینی کەسەکاندا نییە. بەڵکو لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە یاساییانەدایە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس سەبارەت بە زەویوزاری کشتوکاڵی. ئەوان داوا دەکەن رێگرییەکان لەسەریان هەڵبگیرێن و رێگەیان پێبدرێت بە ئاسوودەیی خزمەتی زەوییەکانیان بکەن.
کێشەی خاوەندارێتی زەوی کشتوکاڵی لە کەرکوک مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و سیاسەتی بەعەرەبکردن. دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، ماددەی 140ی دەستووری عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان دانرا، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە بەردەوامی دواخراوە.
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و کۆنترۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن هێزە فیدراڵییەکانەوە، کێشەی جوتیارە کوردەکان قوڵتر بووەوە و رووبەڕووی دەستگیرکردن و رێگری بوونەتەوە. سەرەڕای دەرچوونی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و زەویوزار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.