پۆمپیۆ: پشتگوێخستنی کورد لە سووریا کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیژییە بۆ ئەمریکا
مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و دەڵێت: وازهێنان لە هاوپەیمانە کوردەکان، دەبێتە "کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیژی" گەورە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هۆشدارییەکەی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێ کە تۆماس براک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا رایگەیاندووە، واشنتن پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەگرێت و دەیانخاتە ژێر فەرمانی سوپای سووریاوە، بەو پێیەی ئەرکی ئەوان لە شەڕی دژی داعش کۆتایی هاتووە.
پۆمپیۆ وەک وەڵامێک بۆ تۆماس براک و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشدارییەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوتی: پشتگوێخستنی کوردەکان، کە هاوکاری سەرەکیی واشنتن بوون لە تێکشکاندنی داعش، متمانەی ئەمریکا لە لای هاوپەیمانەکانی دیکەی لە جیهاندا لاواز دەکات.
ئاماژەشیداوە، هێزە کوردییەکان رۆڵێکی کاریگەر و سەرەکیان لە سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەیە، بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ پشت تێکردنیان، راستەوخۆ زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت.
لەلایەکی دیکەوە، لینزی گراهام کە کەسایەتییەکی نزیکی ترەمپە، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، لە نێوان هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، نیگەرانییەکی زۆر و جیددی سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی سووریا هەیە.
گراهام جەختی کردەوە: "کۆدەنگییەکی بەهێز هەیە لەسەر پێویستیی پاراستنی کورد و ئەو گرووپانەی دیکە کە لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعشدا لەگەڵ ئێمە وەستان و هاوکارمان بوون."
لە سەرەتاکانی مانگی رابردووەوە بە هۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەسەدە و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، دۆخێکی هەستیار دروست بووە بەهۆی زیندانەکانی داعش لەگەڵ کەمپی هۆل کە ژن و منداڵانی چەکدارانی داعشی تێدایە، پێشبینی خۆ رێکخستنەوە و سەرهەڵدانەوەی داعش دەکرێت.