زریانێک ئەمریکا پەکدەخات
زریانێکی بەهێز و فراوانی زستانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتەوە، بەهۆیەوە جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان بەتەواوی پەککەوت و هەزاران گەشت لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە هەڵوەشێنرانەوە.
خزمەتگوزاری کەشوهەوای نیشتمانی (NWS) ڕایگەیاندووە؛ ئەم شەپۆلە بەفر و بارانە بەستووە مەترسی بۆ سەر ژیانی نزیکەی 180 ملیۆن کەس دروست کردووە، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی کۆی دانیشتوانی ئەمریکا. زریانەکە ناوچەیەکی بەرفراوان لە باشووری شاخەکانی "ڕۆکی"یەوە تا ناوچەی "نیو ئینگلاند" دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵپەڕی "FlightAware" بۆ بەدواداچوونی گەشتەکان، تەنیا لە ڕۆژی یەکشەممەدا زیاتر لە 11 هەزار و 400 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە. کۆمپانیای سیریۆم بۆ شیکاری فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوە کردووە؛ ئەمە گەورەترین پەککەوتنی گەشتەکانە لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە تا ئێستا.
بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، زۆربەی فڕۆکەخانە ستراتیژییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گەشتەکانیان ڕاگرتووە، لەوانە:
فڕۆکەخانەی لاگاردیا (نیویۆرک): بە فەرمی داخرا و 91%ـی گەشتەکانی هەڵوەشایەوە.
فڕۆکەخانەی جۆن ئێف کێنێدی (نیویۆرک): 80%ـی گەشتەکانی 466 گەشت هەڵوەشێندرانەوە.
فڕۆکەخانەی فیلادلفیا: 94%ـی گەشتەکانی ڕاگرت.
فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕیگان واشنتن: سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانیان بۆ ئەم فڕۆکەخانەیە هەڵوەشاندەوە.
هەروەها پەککەوتنی گەورە لە فڕۆکەخانەکانی دالاس، شارلۆت و ئەتلەنتا تۆمارکراوە.
پێشبینیکەرانی کەشوهەوا هۆشداریی دەدەن زریانەکە بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەکشێت. چاوەڕوان دەکرێت لە واشنتن دی سی، نیویۆرک و بۆستن، ئاستی بەفر بارین بگاتە 30 بۆ 60 سانتیمەتر 1 بۆ 2 پێ، ئەمەش مەترسییەکانی سەر هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی زیاتر دەکات.