کۆبانێ لە نێوان ساڵیادی رزگارکردن و مەترسیی کارەساتێکی مرۆیی گەورەدایە

شاری کۆبانێ کە لە یازدەیەمین ساڵیادی رزگارکردنیدایە لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئێستا لەژێر گەمارۆیەکی توند و مەترسیی کارەساتێکی مرۆیی دایە. دکتۆر بەختیار مدرس، کە لە ناو جەرگەی شارە گەمارۆدراوەکەوە بۆ کوردستان24 قسەی کرد، دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکەکەی خستە روو و رایگەیاند: "ئێمە لە نێو تێرۆرێکی دەروونیدا دەژین."

نەخۆشخانەکان بێ دەرمان و زستان بێ سووتەمەنی
دکتۆر بەختیار مدرس ئاماژەی بە دۆخی نائاسایی شارەکە کرد و گوتی، سەرمای زستان باری سەرشانی خەڵکی گرانتر کردووە. ناوبراو گوتیشی: "بەهۆی هێرش و گەمارۆکانەوە، زۆرێک لە گوندەکان چۆڵ بوون و خەڵکەکەی روویان لە کۆبانێ کردووە. ئێستا ئاوارەکان لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان نیشتەجێ بوون؛ نە کارەبا هەیە، نە سووتەمەنی و نە خۆراکیش. لە نەخۆشخانەکاندا دەرمان بەرەو نەمان دەچێت، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەبینەوە."

هاوکارییەکان کەمن و ئاوارەکان زۆرن
بەگوێرەی گوتەکانی دکتۆر مدرس، ئەو کاروانە هاوکارییەی دوێنێ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەیشتووە، تەنیا بەشی 2 هەزار کەسی کردووە، لە کاتێکدا زیاتر لە 100 هەزار ئاوارە لە ناوەندی شارەکەدا گیریان خواردووە. لەم رووەوە، ئاماژەی بە هەوڵەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بۆ گەیاندنی یارمەتی بە کۆبانێ و رایگەیاند، خەڵکەکە چاویان لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە.

لە ساڵیادی سەرکەوتنەوە بەرەو داواکاری ئاشتی
دکتۆر مدرس تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ لە دەستی داعش و پەیامێکی واتاداری ئاراستەی لایەنەکان کرد و گوتی: "ئەو خوێنەی لەم خاکەدا رژاوە، بەسە بۆ رزگارکردنی کۆمەڵێک ناوچەی زۆر. ئێمە نامانەوێت لە سووریا جیا ببینەوە، بەڵکو تەنیا دەمانەوێت ئەم شەڕە رابگیرێت و لە ئاشتییدا بژین."

بانگەواز بۆ گەلی سووریا: وەرن بە پێکەوەژیان بژین
لە کۆتایی قسەکانیدا، دکتۆر بەختیار مدرس نەک تەنیا داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد دەستوەردان بکەن، بەڵکو بانگەوازێکی ئاراستەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و بەتایبەتی عەرەبەکان کرد، کە زمانی شەڕ رابگرن و بنەمای ژیانێکی هاوبەشی ئارام دابڕێژن.