پرۆژە نوێیەکەی ترەمپ جیهان بۆ دوو بەرە دابەش دەکات

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەر شانۆی سەرەکیی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، پەردەی لەسەر 'دەستەی ئاشتی' کە کۆمەڵێک وڵاتی هاوتەریبن لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی ئاشتیی سەرۆک ترەمپ، لادا.

دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەم 2026، رۆژنامەی 'واشنتن پۆست' لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "پێنجشەممەی رابردوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە رێوڕەسمی راگەیاندنی 'دەستەی ئاشتی' گوتی: زۆرجار لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، خۆمان لەو جۆرە بۆنانەدا دەبینینەوە کە تێیدا بەیاننامە نووسراوی بە وشە و رستەی توند داڕێژراو بڵاو دەکەنەوە، بەڵام هیچ بە کردەوە هیچ ناکرێت. ئێمە خەمی کردار و هەنگاوی کردەییمانە نەک هەڕەشەی بێ کردەوە.

روبیۆ، لەکاتێکدا ئاماژەی بۆ 19 سەرکردە و وەزیر دەکرد کە لەسەر شانۆکە لە دەوری دۆناڵد ترەمپ، کۆ بووبوونەوە، گوتی: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرۆکی کردارە و ئەوی دەیڵێت بە کردەوە جێبەجێی دەکات.

تا ئێستە ئامانج و شێوەی کاری بەرنامەی 'دەستەی ئاشتی' ناڕوونە، جگە لەو پلانانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لە دوای جەنگ دانراون. هەم لایەنگران و هەم رەخنەگران، دەستەکە وەک ئاڵنگارییەک بۆ سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستا دەبینن. لە کاتێکدا وا دەردەکەوێت کە دۆناڵد ترەمپ زیاتر بڕوای بەوەیە مافی ئەمریکایە باڵادەستیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری جیهان، بسەپێنێت؛ ئەوەش لە رفاندنی سەرۆکی ڤەنزوێلا و راگەیاندنی ئاشکرای بۆ دەستبەسەردا گرتنی گرینلاند، دەردەکەوێت.

ماری رۆبنسن، سەرۆکی پێشووی ئێرلەندا و بەرپرسی باڵای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، 'دەستەی ئاشتی' بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاکێکەوە کە ئێستا بیرۆکەی ئیمپراتۆریانەی هەیە، وەسف کرد.

جۆناسان شانزەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی بەرگریی لە دیموکراسییەکان، کە دامەزراوەیەکی هزریی پارێزگارە نوێیەکانە (نیۆکۆنسێرڤاتیڤ) لە واشنتن، بە خۆشحاڵییەوە گوتی: سەرکەوتنی ترەمپ و دەستەکەی، مانای شکستی ئەندامە لاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە ئێستا بە شڵەژاوییەوە دەڕواننە بارودۆخەکە.

لە داڤۆس، سەرۆکی کۆسۆڤۆ ڤیۆسا عوسمانی و سەرۆکی ئەرمینیا ڤاهاگن خاچاتوریان، پێداگرییان کرد لەوەی "دەستەکە تەواوکەری کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە نەک ئاڵنگار، هەروەها ئەو راپۆرتانەیان بە ناڕاست لەقەڵەم دا کە باس لەوە دەکەن ئیدارەی ترەمپ یەک ملیار دۆلاری وەک مەرجی ئەندامێتی لێیان وەرگرتبێت."

ڤیۆسا عوسمانی، سەرۆکی کۆسۆڤۆ، گوتی: داوامان لێ نەکراوە بۆ بوونە ئەندامی دەستەکە پارە بدەین. سێ دەیە لەمەوبەر، ئێمە هەموومان پەنابەر بووین. ئێمە ئاوارەی ناوخۆ بووین. خۆشەویستانمان لەدەست دا، خانووەکانمان لەدەست دا. ناچار بووین ژیانمان لە سفرەوە بنیاد بنێینەوە تەنیا لەبەر ئەوەی جیهانی دیموکراسی پشتیوانیمانی کرد. ئەوان دەرگاکانیان کردەوە، هاوکاریمانیان کرد بۆ ئەوەی لە سێربا جیا ببینەوە و سەربەخۆ بین؛ بۆیە ئێستا نۆرەی ئێمەیە وەڵامی ئەو چاکەیەیان بدەینەوە."

ڤاهاگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا، دەڵێت: ئەندامێتی لە قەوارەکەی ترەمپدا پەیوەندی بە پارەوە نییە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە هەڵوێستەوە هەیە و ئەگەرێکە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو.

خاچاتۆریان، گوتیشی: لەسەرانسەری جیهاندا بنەماکانی پێکەوەژیان زۆرجار پێشێل دەکرێن، و نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت رێگریی لەو پێشێلکارییانە بکات؛ بەڵام دەستەی ئاشتی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی متمانە بە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان.

زۆرێک لە شرۆڤەکارە دیارەکان لەگەڵ ئەم هەڵسەنگاندنەدا نین و رەخنە لە تۆماری ترەمپ دەگرن لە کارکردن بۆ بەرژەوەندی خۆی. فەیلەسوفی سیاسی فرانسیس فۆکۆیاما، لە دوای دیمەنەکەی داڤۆس، نووسیویەتی "دۆناڵد ترەمپ وێرانکەرێکی دامەزراوەکانە کە دەخوازێت بەو شتانە جێگەیان بگرێتەوە کە خۆی پێی باشە، کە ئەوەش بەبێ ئەملاوئەولا سوود بە خۆی دەگەیەنێت. دامەزراوە، بریتییە لە یاسا، یان پێکهاتەیەک کە وابەستەی تاکە کەسێک نییە و لە دوای رۆیشتنی دامەزرێنەرەکەشی، هەر دەمێنێتەوە."

 فیل گۆردن، بەرپرسی پێشووی ئیدارەی بایدن و ئۆباما و راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی جێگری سەرۆکی پێشوو کامالا هاریس، دەڵێت: 'دەستەی ئاشتی' درێژکراوەی شێوازی سیاسیی ترەمپە. ئەو دەیەوێت وەک سەرکردەیەکی بەهێز، رێزی هەمووان بەدەست بهێنێت و کۆنترۆڵی گشت ئەو سەرچاوە و سامانانە بکات کە بەلایەوە گرنگ و بایەخدارن. بێگومان ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ترەمپ، بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە 'هێز هەموو مافێک دەستەبەر دەکات.' 

 سڤێتلانا تیخانۆڤسکایا، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیای سپی لە تاراوگە، هۆشداری دا لەوەی"مامەڵەکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، لە سیاسەتدا زۆر مەترسیدارە. ئایا ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی دیکتاتۆرییەت بە بەرگی پراگماتیزمەوە لەم جیهانەدا براوە بێت؟ گومانم هەیە، چونکە ئەوە دەبێتە جیهانێک تەنها هی پارە بێت و ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندی  زلهێزەکاندایە."

 ساڵح ئەحمەد جەماع، جێگری سەرۆکوەزیرانی سۆماڵ، لایوایە "ئێمە وێنای جیهانێک دەکەین کە سەقامگیرتر بێت لەوەی ئێستا هەیە، جیهانێک کە دەرفەتی یەکسان بە منداڵان بدات، گرنگ نییە لە کوێ لەدایکبوون و لە چ شوێنێکی جوگرافیدان؛ جیهانێک کە داهاتوویان لێ وێران نەکرێت. ئێمە هیوا و خەونی زۆرمان بۆ هاوڵاتیانمان هەیە و زۆرێک لەو کارانەی دەتوانین بۆیان بکەین وەک حکوومەت، بەندە بەو سیستەمە نێودەوڵەتییەی کە ئێستا تێیدا دەژین."