پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، کەیفی محەممەد، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، لە لێدوانێکی نوێدا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی روون دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، فشارە سیاسییەکان و توندکردنی رێکارە داراییەکان کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بازاڕ هەبووە.
هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ، بە گوتەی کەیفی محەممەد، سێ هۆکاری سەرەکی بوونەتە هۆی گرانبوونی دۆلار:
1- رێکارەکانی پلاتفۆرمەکە زۆر توند کراونەتەوە، ئەمەش بووەتە رێگر لەوەی بازرگانان بە ئاسانی و بە بڕی پێویست دۆلاریان دەستبکەوێت.
2- واشنتن فشارەکانی بۆ سەر حکوومەتی عێراق زیاد کردووە و داوای دوورخستنەوەی میلیشیاکان لە ناوەندەکانی بڕیار دەکات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری بازاڕ دروست کردووە.
3- ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی ئەمریکا بەرەو ئەوە دەچێت کە پاراستنی هەر وڵاتێک بەستراوەتەوە بە وەرگرتنی پارە (سیاسەتی ترەمپ)، ئەمەش وەک بازرگانییەک بۆ دەستکەوتنی پارەی زیاتر دەبینرێت.
گوتەبێژی بازاڕی دراو رایگەیاند؛ نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 151هەزار و 500 دینار، بەڵام پێشبینی دەکات ئەم نرخە جێگیر نەبێت. کەیفی محەممەد گوتی: "ئەگەری زۆرە نرخەکە زیاتر بەرز ببێتەوە و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بگاتە 153 هەزار دینار."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بازرگانان بەهۆی پابەندییە داراییەکانیان و قەرزارییان، ناچارن بە هەر نرخێک بێت دۆلار لە بازاڕدا بکڕنەوە، ئەمەش خواستی لەسەر دراوەکە زیاد کردووە و نرخەکەی بەرزتر کردووەتەوە.