ئەمریکا پشتگیری لە هەنگاوە نوێیەکانی عێراق دژی داعش دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا هاتووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی عێراق و سەرکردایەتی ناوچەیی دەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی گواستنەوە و دەستبەسەرکردنی تیرۆریستانی داعش. 

لە پەیامەکەدا جەخت کراوەتەوە؛ عێراق لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە جیهانییەدایە کە داعش بۆ سەر هەموو گەلان دروستی کردووە. واشنتن وەک پشتیوانییەک بۆ ئەم هەوڵانە، داوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان دەکات چەکدارە بیانییەکانیان لە عێراق و سووریاوە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، تاوەکو لەوێ رووبەڕووی دادپەروەری و یاسا ببنەوە.

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دووپاتکردنەوەی گرنگیی هەماهەنگی نێودەوڵەتییە بۆ کۆتاییهێنان بە پاشماوەکانی داعش و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی دامەزراوەکانی عێراق دێت، بەتایبەتی دوای ئەو ناسەقامگیرییەی لەم دواییانەدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدی کراوە.