ئیسرائیل: هەموو بارمتەکانمان لە کەرتی غەززە گەڕاندەوە
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کۆتاییهاتنی دۆسیەی بارمتەکانی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی تەرمی کۆتا کەسی گەڕاندەوە بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی، هاوکات حەماسیش دەڵێت: ئەوە نیشانەی پابەندبوونمانە بە سەرجەم مەرجەکانی ڕێککەوتن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2026، سوپای ئیسرائیل (IDF) ئاشکرای کرد کە دوای پشکنینەکان لەلایەن پەیمانگای نیشتمانیی پزیشکیی دادوەرییەوە، ناسنامەی تەرمی "ڕان گڤیلی" پشتڕاست کراوەتەوە و بە مەبەستی بەخاکسپاردنی گەڕێندراوەتەوە. سوپا لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە: بە گەڕانەوەی ئەم تەرمە، چیتر هیچ بارمتەیەک لە کەرتی غەززە نەماوەتەوە و سەرجەمیان گەڕێندراونەتەوە بۆ ئیسرائیل.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ دەوڵەت و سوپای ئیسرائیل. ئێمە بەڵێنمان دا هەمووان بگەڕێنینەوە، وا بەڵێنەکەمان بردە سەر و هەموومان هێنایەوە تا دواین بارمتە.
لە لای خۆیەوە، حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس ڕایگەیاند، دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی کۆتا ئیسرائیلی، بەڵگەی پابەندبوونی خۆیانە بە سەرجەم مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە بە چاودێریی ئەمەریکا کراوە، بەتایبەت لە پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و داخستنی یەکجارەکیی ئەو دۆسیەیە.