هۆزان جانێ: دەرمانی ئێشو ئازاری کورد یەکگرتنە

هۆزان جانێ بانگی لە هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکات، یەکدەنگ و یەک هەڵوێستبن بەرانبەر بەم هێرشانە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، هۆزان جانێ، هونەرمەند، بە کوردستان24ـی راگەیاند: یەکگرتنی کوردان لەم بارودۆخە دا جێگای شانازی و ڕێزە، دڵمان لەلای خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، دەرمانی ئێشو ئازاری کورد یەکگرتنە تەنیا بەمە دەتوانین بەرانبەر دوژمن بوەستینەو.

هۆزان جانێ گوتی: هیچ میللەتێک هێندەی کورد خۆڕاگر و خاوەن ویژدان و کەرامەت نییە، داعش بە هەموو هێز و توانای هەیبوو لەسەر دەستی هێزە کوردییەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان تێکشکێندرا، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پشتیان لە سۆز و بەڵێنەکانیان کرد و بەرژەوەندییەکانیان وەپێش خوێنی کورد دا.

هەروەها بانگ لە هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکات، یەکدەنگ و یەک هەڵوێستبن بەرانبەر بەم هێرشانە.

هۆزان جانێ هونەرمەندێکی ئافرەتی باکووری کوردستانە، بەڵام ئێستا لە شاری کۆڵن دادەنیشیت، خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە، هەروەها لەسەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانی زیندانیکراوە.