وەزیری بەرگری ئیسرائیل: بە نھێنی سەردانی ھەموو وڵاتانی عەرەبیم كردووە
لە ھەمووی گرنگتر ئێمە بەرەو ھاوپەیمانییەكانی ئاشتی دەڕۆیی نەك ھاوپەیمانییەكانی جەنگ
K24 – ھەولێر:
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بینی گانتس رایگەیاند، سەردانی ھەموو دەوڵەتانی عەرەبیی كردووە "بەڵام بە بەنھێنی و بۆ ئەنجامدانی ئەركە سەربازییەكان"، حەزی خۆشی دەربڕی لەوەی "بەئاشكرا و بەشێوەیەكی فەرمی و دۆستانە و ئاشتییانە" سەردانیان بكات.
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسط" گانتس داوای لە سەركردایەتی فلەستینی و سەرۆكی فلەستین، مەحموود عەباس كرد، خۆی بخاتە نێو رێڕەوی ئاشتی و لە ریزەكانی دواوە نەمێنێتەوە". جەختیشیكردەوە "فلەستینییەكان دەیانەوێت و شایستەن قەوارەیەكیان ھەبێت و بەشێوەیەكی سەربەخۆ تێیدا بژین".
گانتس گوتی: "ئاشتی بەبێ فلەستینییەكان بەكەموكوڕی دەمێنێتەوە". گوتیشی: "خودی ئیسرائیلیش دەیەوێت لە فلەستینییەكان جیابێتەوە.. و بۆ ئاسایشمان دڵنیاییمان دەوێت. ئەگەر لەسەر پرسە ئەمنییەكان رێككەوتین، چارەسەری سیاسی بەئاسانی دێت، و دەبێت ئێمە تەنھا چارەسەری بۆ كێشەكان نەدۆزینەوە، بەڵكو دەبێت ھاریكارییەكی قووڵمان ھەبێت لە بواری ئابووری، زانست و تەكنەلۆجیا و لە پەروەردە و فێركردندا و لە ھەموو شتێكدا. ئەمە دەرفەتێكی مێژووییە".
جەختیكردەوە لەوەی "دەبێت قودس بە یەكگرتووی بمێنێتەوە. بەڵام شوێنێكی بۆ فلەستین دەبێت، شارێكی بەرفراوانە و پڕە لە پیرۆزییەكان بۆ ھەمووان". دووپاتیشیكردەوە "ئیسرائیل لە سنوورەكانی ساڵی 1967 ناگەڕێتەوە دواوە".
گانتس گوتی: "من 38 ساڵم وەك چەكدار لە سوپای ئیسرائیلدا بەسەر برد، بڕوام پێ بكە، ئەو جەنەڕاڵانەی لە سوپادان و نەھامەتییەكانی جەنگیان بینی و چێشتیان، ئەوان لە ھەموویان زیاتر ئاشتییان دەوێت. لەنێوان جەنەڕاڵەكانی لای خۆمانیش، دەتوانم بە ھەموو بڕوایەكەوە بڵێم، من لە ھەموویان زیاتر بەدوای ئاشتییەوەم".
راشیگەیاند، "ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی، ھاوپەیمانییەتی نێوان ھێزە میانڕەوەكانە، كە دەربڕین لە خواستی راستەقینەی ھاووڵاتیان دەكات. ھەڵبەتە ناتوانین نكۆڵی لە ھەبوونی میحوەری ھاودژ بكەین، كە میحوەری ئێرانە و ھەڕەشە لە ئیسرائیل و تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی دەكات".
گوتیشی:"با ئۆمێد بكەین ئەو میحوەرەش بگاتە سەرەنجامی پێویست لە شنەبای ئاشتی و ئەویش دەستبكات بە گۆڕین بەرەو ئاشتی. بەڵام ئەگەر ئەو رێگایەی نەگرێتەبەر، دووچاری ئەنجامێكی خراپ دەبێتەوە. ئەو ئێستا دووچاری زۆر كێشە بووەتەوە. تەماشا بكە، سووریا ئەمڕۆ چۆن دەژیت، یان لوبنان، عێراق، لیبیا و یەمەن، ئەو میحوەرە وێرانكاری دەكات و ئێمەش ھەوڵی ئاشتی و گەشەپێدان دەدەین بۆ گەلانمان. بەڵام لە ھەمووی گرنگتر ئێمە بەرەو ھاوپەیمانییەكانی ئاشتی دەڕۆیی نەك ھاوپەیمانییەكانی جەنگ".
سەرچاوە: "الشرق الأوسط"