رێبوار هادی: سەرۆککۆمار دەتوانێت رێگریی لە پێشێلکارییە دەستوورییەکان بکات
رێبوار هادی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، پۆستی سەرۆککۆمار، پۆستێکی گرنگە و دەتوانێت رێگریی لە پێشلکارییە دەستوورییەکان بکات.
سێشەممە،27ـی کانوونی دووەم 2026، رێبوار هادی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ستودیۆی کراوەی کوردستان 24، لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: هۆی سەرەکی دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووانە.
ئەو نەندامەی پەرلەمانی عێراق، جەختی کردەوە لەوەی "ئێمە وەک پارتی، پێمانخۆشە، گشت لایەنە کوردییەکان لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێک بکەون. ئێمە هەمیشە ئامادەی گفتوگۆین و لاریمان نییە ئەگەر کاندیدەکە بە ڕەزامەندیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان بێت."
رێبوار هادی، گوتیشی: پۆستی سەرۆککۆمار، پشکی کوردە. وەک چۆن جەنابی سەرۆک بارزانی داوای کرد کاندیدی سەرۆککۆمار یان بە رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان، یاخود بە ڕێککەوتنی ئەندامە کوردەکانی پەرلەمان بێت، گرنگ ئەوەیە نوێنەری هەمووان بێت. بەڵام ئەگەر ئەوە نەکرا. ئێمە لامانوایە ئەو پۆستە بە گوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژرادن و زۆرینەی دەنگ و کورسییەکانی پەرلەمان، پشکی پارتییە.
ئەو، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پۆستی سەرۆککۆمار پۆستێکی گرنگە و تەنیا تەشریفاتی نییە. سەرۆککۆمار دەتوانێت رێگریی لە پێشێلکارییە دەستوورییەکان بکات. بۆ نموونە ئەو پێشێلکارییە دەستووریانەی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و خەلكی کوردستان دەکرێن وەک بڕینی مووچە و نەناردنی پشکی دارایی هەرێم.
رێبوار هادی، هەروا گوتی: کاندیدی ئێمە بۆ ئەو پۆستە گرنگە، فوئاد حوسێنە. ئەو کەسێکی شارەزا و دیپلۆماتیکی سەرکەوتووە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیشدا هەیە.
سەبارەت بەوەی ئایا پارتی ئامادەیە بەرانبەر بە پۆستی سەرۆککۆماری، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بدات بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؟ رێبوار هادی گوتی: ئەگەر مەسەلەکە بە رێککەوتن یەکلایی بکرێتەوە، هەموو ئەگەرەکان کراوەن و ئێمە ئامادەین گفتوگۆی لەسەر بکەین. بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرا و بە زۆرینە بوو، ئەوە بابەتیكی دیکەیە.