پەرلەمانتارێکی پارتی: ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوین لایەنە عێراقییەکان دێنە ناو هاوکێشەکە

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە پارتی پێشنیازی داوەتە یەکێتی ئەگەر پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی بێت، ئەوا زۆربەی پۆستەکانی دیکەی کورد لە بەغدا بۆ یەکێتی دەبن.

دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 لە پەرلەمانی عێراق گوتی "دانیشتنی داهاتووی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ئەنجامی رێککەوتنی سەرۆک و جێگرەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستنیشان دەکرێت و لەو باوەڕەدام رۆژێک لە هەفتەی داهاتوودا بۆ ئەو مەبەستە دیاری بکرێت."

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەکە و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو پەرلەمانتارە گوتی "گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە، هەمووان شایەتی هەوڵەکانی پارتین بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی سەرۆککۆمار، بەڵام نەهاتنەپێشەوەی یەکێتی وایکردووە بارودۆخەکە بگاتە ئەم دۆخەی ئێستا."

دانەر عەبدولغەفار جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دەیەوێت کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت کە سەنگ بۆ ئەو پۆستە بگەڕێنێتەوە، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "ئەم پۆستە پشکی تەنیا حزبێک نییە و هی هەموو کوردە، دەبێت پێگەی سەرۆککۆمار بەهێز بێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد و عێراقیشدایە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە "دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانە، کەچی هەندێک لایەن بە شانازییەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیانگوت رێگر بووین لە پێکهێنانی حکوومەت."

سەبارەت بە رۆڵی لایەنە عێراقییەکان، ئەم پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "وا دیارە ئاماژەیەک لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بە یەکێتی دراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی رێکبکەون و کاندیدی هاوبەشیان هەبێت، هەر بۆیە دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لەسەر داواکاری یەکێتی بووە." هۆشداریشی دا، ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتن، لایەنە عێراقییەکانی دیکە دێنە ناو هاوکێشەکە و ئەوەش بۆ کورد باش نابێت.

لە کۆتاییدا دانەر عەبدولغەفار رایگەیاند، پارتی رێز لە وادە دەستوورییەکان دەگرێت و نایەوێت ببێتە رێگر لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، چونکە وڵاتەکە لەبارودۆخێکی خراپی ئابووری، سیاسی و ئەمنیدایە. گوتیشی: "پەراوێزخستنی پارتی کارێکی هەڵەیە، چونکە هیچ حکوومەتێک لە عێراق بەبێ رۆڵی جیددی پارتی سەرکەوتوو نابێت."