ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع و پوتن لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە

سەرۆکی سووریا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکەن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.

 تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سووریا رایگەیاندووە، سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە.

ئەمە دووەمین دیداری نێوان شەرع و پوتنە، دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەیان لە ئۆکتۆبەری 2025 بەڕێوەچوو.

 سەردانەکەی ئەمجارە لە کاتێکی هەستیاردا دێت. ماوەی چەند رۆژێکە رووسیا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووە و کەلوپەلە سەربازییەکانی دەگوازێتەوە بۆ بنکەکانی لە لازقییە.

پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و دەسەڵاتی نوێی سووریا دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، قۆناغی نوێی بەخۆیەوە بینیوە. یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان شەرع و پوتن لە شوباتی 2025 ئەنجامدرا. لەو پەیوەندییەدا، پوتن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپاتکردەوە و ئامادەیی مۆسکۆی بۆ پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ رژێمی ئەسەد نیشاندا.

سەردانە دیپلۆماسییەکانیش لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوام بوون. لە تشرینی یەکەمی 2025، بەرپرسێکی باڵای سووری رایگەیاندبوو، ئەحمەد شەرع لە سەردانیدا بۆ مۆسکۆ داوای رادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد و ئەو کەسانەی کردووە، تاوانی جەنگییان لە سووریا ئەنجامداوە. هەروەها، گفتوگۆکان پرسی وەبەرهێنانی ئابووری، داهاتووی بنکە سەربازییەکانی رووسیا (حەمیمیم و تەرتوس) و پڕچەککردنی سوپای نوێی سووریای لەخۆگرتبوو.