لە هەولێر چواریانێک بە ناوی "کەزی" دەکرێت

وێنە، کوردستان24
وێنە، کوردستان24

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەن رۆڵی کارا ببینن لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و حکوومەتی هەرێمدا. هەروەها داوای کرد لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا دەرفەتی زیاتر بە فەرمانبەرانی دڵسۆز بدرێت بۆ ئەوەی باشتر خزمەت بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو پێشنیاری کرد چواریانێک لە هەولێر بە ناوی "کەزی"یەوە بکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بابەتە بووەتە هێمایەک بۆ سووربوون لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، زیندووکردنەوەی گیانی بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی ستەمی داگیرکەران.

پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە کە ئەم ناونانە رەهەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە و پەیامێکی روونە بۆ یەکگوتاریی نێو ماڵی کورد.

لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە، بە کۆی دەنگ پێشنیازەکەی پارێزگاری هەولێریان بۆ ناونانی چواریانێک بە ناوی "کەزی" پەسەند کرد. ئەنجوومەنەکە جەختیان لە گرنگیی و ناوەڕۆکی بڕیارەکە کردەوە و بە بەڵگەی ئەوەیان زانی کە گەلی کوردستان لە هەر بەشێک بن، یەک بیر و یەک گیان کۆیان دەکاتەوە.