بەریتانیا سنووردارکردنی گەشت بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق کەمدەکاتەوە
باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن رایگەیاند، بەریتانیا بە فەرمی ئامۆژگارییەکانی گەشتکردنی بۆ عێراق نوێکردووەتەوە و سنورارکردنەکانی گەشتکردنی بۆ وڵاتەکە کەمکردووەتەوە.
باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا، لەژێر رۆشنایی باشبوونی دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق، بڕیاریداوە رێوشوێنەکانی گەشت بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاسانتر بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، بەریتانیا هۆکاری ئەم بڕیارەی گەڕاندووەتەوە بۆ باشتربوونی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی وڵاتەکە، کە وایکردووە ئەو ناوچانە بۆ گەشتیاری، بازرگانی و سەردانە فەرمییەکان سەلامەتتر بن.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزخانەی عێراق پێشوازی لەم بڕیارە کرد و بە نیشانەی متمانەی نێودەوڵەتی وەسفی کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی حکوومەتی عێراق لە ساڵانی رابردوودا لە بوارەکانی ئەمنی، سیاسی و ئابووری بەدەستی هێناون، جەختیشی کردەوە کە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی زیاتر.