نووری مالیکی دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری عێراق رەتدەکاتەوە
مالیکی لە پەیامێکدا وەڵامی ترەمپی دایەوە، بەڵام دوای چەند خولەکێک پەیامەکەی سڕییەوە؛ جارێکی دیکە داینایەوە
مالیکی لە پەیامێکدا "دەستوەردانی ئاشکرا"ی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکاتەوە و بە "پێشێلکاریی سەروەری" و "دەستدرێژی" ناو دەبات. دەشڵێت، لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پاشگەز نابێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی کانوونی دووەمی 2026)، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق؛ پەیامێکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکردەوە؛ بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند خولەکێک پەیامەکەی سڕییەوە؛ دواتر جارێکی دیکە پەیامەکەی بە هەندێک گۆڕانکارییەوە داناوە.
لە پەیامە نوێیەکەی مالیکیدا هاتووە: "ئێمە بە تەواوی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکەینەوە. ئەم کارە بە پێشێلکردنی سەروەری و پێچەوانەی سیستەمی دیموکراتیی عێراق لەدوای ساڵی 2003 دەزانین، هەروەها بە دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دایدەنێین."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردووەتەوە، زمانی گفتوگۆ لەنێوان وڵاتان تاکە بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن، نەک پەنابردن بۆ زمانی فەرمان و هەڕەشەکردن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مالیکی پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت: "لە سۆنگەی رێزگرتنم لە ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، کە دەستووری عێراق گەرەنتی کردووە، بەردەوام دەبم لە کارکردن تا دەگەینە ئەنجامی کۆتایی، بە جۆرێک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت."
مالیکی لە پەیامی یەکەمیدا ئاماژەی بە "سیستەمی دیموکراتیی عێراق لەدوای ساڵی 2003" نەکردبوو، بەڵام لە پەیامی دووەمیدا، باسی کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو (سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەم)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی (تروس سۆشیال) هۆشداری دابووە دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەستبەکاربوونەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران. ترەمپ نووسیبووی: "بیستوومە رەنگە عێراق بژاردەیەکی زۆر خراپ هەڵبژێرێت بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران".
هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو، گەڕانەوەی مالیکی بۆ لووتکەی دەسەڵات بژاردەیەکی هەڵەیە. ئەمە واشنتن ناچار دەکات تەواوی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ عێراق رابگرێت و وڵاتەکە بەرەو شکستێکی هەمیشەیی دەبات.
ئەم کاردانەوەیەی ترەمپ دوای ئەوە هات، چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا، بەفەرمی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای، وەک کاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان کرد.