نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر لەسەر تۆمەتباری رووداوەکەی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر وردەکاریی دۆسیەی تۆمەتبارەکەی هەولێر ئاشکرا دەکات و رایگەیاند، "چەندین جار باوکی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی لە نەخۆشخانە دەریهێناوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا وردەکاریی پەیوەست بە دۆسیەی ئەو کەسەی خستەڕوو کە تۆمەتباربووە بە کوشتنی 3 هاووڵاتی، جەختیش دەکاتەوە، ئەوان دامەزراوەیەکی پزیشکین نەک بەندیخانە و پێشتر لایەنە ئەمنییەکانیان لە راکردنی ئەو نەخۆشە ئاگادار کردووەتەوە.

نەخۆشخانەکە لە سەرەتای روونکردنەوەکەدا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، رایگەیاندووە، "ئەم روونکردنەوەیە بۆ کەمکردنەوەی گەورەیی کارەساتەکە یان پاساو هێنانەوە نییە، بەڵکو بۆ رای گشتییە."

 نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لەسەر بنەمای پزیشکی جیهانی کار دەکەن بۆ چارەسەرکردن، ئەگەر نەخۆشخانە بکرێتە بەندیخانە بۆ رێگری لە راکردن، ئەوا لە پرەنسیپی پزیشکی دوور دەکەوێتەوە،
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، "لێرە کاربە یاسای (Mental Health Act) ناکرێت وەک وڵاتانی پێشکەوتوو کە دەسەڵات بداتە نەخۆشخانە بە زۆرەملێ نەخۆش بهێڵێتەوە یان بیگەڕێنێتەوە، هەروەها نەخۆشخانەی دادی دەروونی (Forensic) نییە کە تایبەت بێت بەو نەخۆشانەی تاوانبارن."

سەبارەت بە مێژووی نەخۆشیی تۆمەتبارەکە، نەخۆشخانەکە روونیکردووەتەوە، "ئەم کەسە وەک نەخۆش هاتووە نەک تاوانبار، یەکەم جار لە ساڵی 2018 خەوێندراوە و چەندین جاری دیکەش بڕیاری خەواندنی بۆ دراوە، بەڵام هەموو جارەکان مانەوەکەی لە 24 کاتژمێر تێپەڕی نەکردووە و باوکی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی و بەدەر لە رێنمایی پزیشکی لە نەخۆشخانە دەریهێناوە."

نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر ئاشکراشی کرد، لە 21/12/2025، نەخۆشەکە پێش کردنەوەی پەڕاوی پزیشکی لەدەست باوکی و پۆلیس هەڵاتووە، دواتر لە 24/12/2024، باوکی هێناویەتییەوە و دووبارە خەوێندراوەتەوە، جارێکی دیکە لە 28/12/2025، لەکاتی پاککردنەوەی شوێنەکەی، نەخۆشەکە هەلەکەی قۆستووەتەوە و رایکردووە.

نەخۆشخانەکە جەخت دەکاتەوە، کە دوای راکردنەکە، بە نووسراوی فەرمی ژمارە (1) و ژمارە (2) لە 4/1/2026، هەردوو دەزگای ئاسایش و پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە.

لە کۆتاییدا نەخۆشخانەکە ڕایگەیاندووە کە هەموو بەڵگەنامەکان پارێزراون و ئامادەی هەر رێکارێکی یاسایین بۆ پاراستنی مافی هەموو لایەک.

ڕۆژی دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، خێزانێک کە لە دایک و باوک و کورێک پێکهاتبوون لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر کوژران، دواتر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی راگەیاند. 

هەروەها گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، موقەدەم کیفاح تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، تیمەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەکانی  ئاسایش بەدواداچوونی وردیان لە دۆسیەی سێ هاووڵاتییە کوژراوەکەی گەرەکی شۆڕش کردووە و ۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەشدابوو، تۆمەتبارەکە نەخۆشی دەروونی لە جۆری شیزۆفینیای هەیە و لە رۆژی بەفر بارینەکەوە لە نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر رایکردووە، چەند رۆژێکە پۆلیس بەدوای دەستگیرکردنەوەی تۆمەتبارەکەبوون. بەڵام رۆژی 26ی مانگ کاتژمێر 6:55 خولەکی بەیانی چووەتە ئەو ماڵە و تاوانەکەی ئەنجامداوە، بە هۆی ئەوەی حەزی لە ئۆتۆمبێلی کوژراو بووە، هەربۆیە دوای تاوانەکە ئۆتۆمبێلیەکەشی بردووە.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشکراشی کرد، تۆمەتبارەکە  ناسیاویی لەگەڵ ماڵی کوژراوەکاندا هەیە.