وەزارەتی ناوخۆی سووریا: رەگەزنامە بە تەواوی کوردانی سووریا دەدرێت

وەزیری ناوخۆی سووریا لە نووسراوێکی بە پەلەدا، کە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شارستانی ناردووە، بڕیاری جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13ــی کانوونی دووەمی ئەمساڵی دەرکرد، کە بە پێی ئەوە تەواوی ئاسەوارەکانی سەرژمێریی ساڵی 1962 هەڵدەوەشێنرێنەوە و رەگەزنامە بەو هاووڵاتییە کوردانە دەدرێت کە دانیشتووی سووریان.

چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە وێنەیەکی دەست میدیاکان کەوتووە، رێنمایی ورد و بەپەلەی ئاراستەی "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شارستانی (نفوس)" کردووە بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی مەرسوومی کۆماریی ژمارە 13ـی ساڵی 2026، کە تایبەتە بە چارەکردنی کێشەی رەگەزنامەی کورد لەو وڵاتە.

بەگوێرەی نووسراوەکە کە واژۆی لیوا ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی لەسەرە و بە (بەپەلە) ئاراستە کراوە، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی چوارەمی مەرسوومەکە کراوەتەوە کە دەڵێت: "کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە ئیستیسناییانە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە دەرەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1962ـی پارێزگای حەسەکە بوون."

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە کە دەبێت، "رەگەزنامەی سووری بدرێت بە هاووڵاتییانی بە رەچەڵەک کورد کە دانیشتووی خاکی سووریان، بە هەموو جۆرەکانیانەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە تۆمار نەکراون (مەکتومی قەید)، ئەمەش بە یەکسانیی تەواو لە ماف و ئەرکەکاندا."

وەزیری ناوخۆ لەسەر بنەمای ماددەی 7ـی مەرسوومەکە، فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شارستانی کردووە کە دەستبەجێ دەست بکەن بە ئامادەکردنی رێنماییە جێبەجێکارییەکان.

 لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "رەچاوی ئاسانکردنی رێکارەکان بکرێت تا ئەو جێگایەی دەکرێت بۆ کەسوکاری کوردمان (أهلنا الكرد)."

وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتێکی کورتی بۆ تەواوکردنی ئەم رێکارانە دیاریی کردووە و داوای کردووە کە دەبێت هەنگاوەکان و رێنماییەکان زۆرترین کات تا رێکەوتی 5ـی شوباتی 2026 تەواو بکرێن و وەزارەتی لێ ئاگادار بکرێتەوە.

ئەم بڕیارە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ دۆخی کورد لە سووریا، کە بەهۆی سەرژمێریی ساڵی 1962ـەوە بەشێکی زۆریان لە مافی هاووڵاتییبوون بێبەش کرابوون و وەک "بیانی" یان "مەکتوم" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا.