شەڕ و پێکدادانەکان لە کۆبانێ و حەسەکە و چل ئاغا وەستان

ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا لە شارەکانی کۆبانێ، حەسەکە و شارۆچکەی چل ئاغا وەستاون و بێدەنگی و هێمنی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە قامشلۆ گوتی، دوای گرژییەکانی ئەم دواییە، ئێستا شەڕ لەنێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا وەستاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێر، تا ئێستا روون نییە کە ئایا ئەم هێوربوونەوەیە پەیوەندی بە سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ دیمەشق و رێککەوتنە ئەگەرییەکانەوە هەیە یان نا.

ئاماژەشی دا، بەگوێرەی سەرچاوەکان هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا دەچنە ناوچە عەرەبنشینەکانی پارێزگای حەسەکە، بەڵام تا ئێستا ئەم زانیارییە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، شاندێكی هەسەدە بەسەرۆكایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی سووریا لەبارەی ئاگربەست و جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنەكان كۆبووەوە.

هەروەها سەرچاوەیەك لە سووریا بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندبوو، كۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حكوومەتی دیمەشق كۆتایی هاتووە، لەكۆبوونەوەكەدا، لێكتێگەیشتنی نوێ دروست بووە بۆ وەستانی شەڕ و  و بڵاوەپێكردنی ئاسایشی ناوخۆ  لە خەڵكی ناوچەكە لە حەسەكە و قامشلۆ و ناوچەكانی دیكە.