بەم نزیکانە رێککەوتنی هەسەدە و حکوومەتی سووریا رادەگەیەندرێت
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی خۆسەر بۆ کوردستان24: ئاسایش ئەمنییەکی شارە کوردییەکانی رۆژئاوا دەپارێزێت و سوپای سووریاش ناچێتە ناوچە کوردنشینەکان
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە کوردستان 24ـی رراگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتنی کۆتایی و گشتگیر لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا بە فەرمی رادەگەیەنرێت.
سەرچاوەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەم رێککەوتنە وەک نەخشەرێگەیەک بۆ چارەسەری کێشە ئەمنی و سەربازییەکان و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەبێت، کە تێیدا پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردنشینەکان وەک مەرجێکی سەرەکی ئاماژەی بۆ کراوە.
لە رووی ئەمنیی ناوخۆییشەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) بەرپرسیارێتیی تەواوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناو شار و ناوچە کوردنشینەکان دەگرنە ئەستۆ، هاوکات لە رێککەوتنەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی سوپای سووریا ناچێتە ناو سەنتەری شار و ناوچە کوردنشینەکانەوە.
سەبارەت بە خاڵە ستراتیژییەکانی وەک مەرزەکان، فڕۆکەخانەکان و سنوورە نێودەوڵەتییەکان، بڕیار دراوە بە ئیدارەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەڕێوە ببرێن، هەروەها خاڵێکی دیکەی گرنگی رێککەوتنەکە پەیوەستە بە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی، کە تێیدا ئەنجوومەنی خۆجێیی لە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە پێکدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئەو شارانە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دەبینرێت.
ئەم رێککەوتنە چاوەڕوانکراوە دوای زنجیرەیەک دانوستانی چڕ دێت لە دیمەشق، کە تێیدا هەوڵ دراوە هاوسەنگییەک لە نێوان سەروەریی دەوڵەتی سووریا و پاراستنی مافە نەتەوەیی و ئیدارییەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکرێت، تێکەڵکردنی هەسەدە لەناو وەزارەتی بەرگری بە شێوەی لیوا و هێشتنەوەی ئەرکی ئەمنی لە دەستی ئاسایشی ناوخۆ، وەک دەستکەوتێکی سیاسی بۆ کورد دەبینرێت تاوەکو پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن کە لە جەنگی دژ بە داعش بەدەستیان هێنابوو، ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیە کۆتایی بە ئەگەری پێکدادانی نێوان سوپا و هەسەدە دەهێنێت و ئاسۆیەکی نوێ بۆ سەقامگیریی درێژخایەن لە سووریای نوێدا دەخاتە روو.