لە هەولێر، کەریمۆک غەفوور کتێبی " سینەما و جینۆساید"ـی بڵاو کردەوە
کەریمۆک غەفوور، نووسەر و فیلمساز، نوێترین کتێبی خۆی بە ناوی "سینەما و جینۆساید" کە لە لایەن رێکخراوی کوردستان دیالۆگ چاپ کراوە، بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، کەریمۆک غەفوور، نووسەر و فیلمساز، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "سینەما و جینۆساید"، ناوی ئەو کتێبەیە کە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەیەکە، بە کەمێک دەستکارییەوە کراوەتە کتێبێک، کە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێری زانکۆی سەڵاحەددین لە ساڵی 2023 وەرمگرتووە، کتێبێکە بە گشتی لەسەر جینۆسایدی گەلی کوردە، ئێستا جینۆساید و سینەما لای من وەکو پسپۆیییەکی لێهاتووە و بەردەوام خەریکی توێژینەوەم لە سەری.
کەریمۆک غەفوور گوتیشی: کتێبەکە باس لە سەرجەم ئەو جینۆسایدانە دەکات کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە بە تایبەتی لە باشوور، وەکو جینۆسایی؛ هەڵەبجە، بارزانییەکان و فەیلییەکان، هەموو ئەو جینۆسایدانە لە نێو کتێبەکەدا داتاکان و پلانەکان بە شێوەیەکی گشتی خراوەتە ڕوو، ئینجا سەرجەم ئەو فیلمە کوردییانەی لە تەواوی کوردستان و دەرەوەی کوردستان، کومکردووەتەوە و شیکردنەوەم بۆ سەرجەم ئەو فیلمانە کردووە کە لەسەر ئەو جینۆسایدە کاریان کردووە.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە دەرهێنەرانی کورد هەوڵیان داوە، ئاستی جینۆسایدەکان وەکو خۆی بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی بتوانن سەرنج و سۆزی بینەر بجوڵێنن، کە گەلی کورد قوربانییەکی زۆری داوە، لەو جینۆسایدانەدا هەزاران خەڵک لەناو چووە، بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی بینەری ئەورووپی و ناوخۆش رابکێشین، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانە هاوسۆز بن لەگەڵ پرسی جینۆسایدکردنی گەلی کورد.
کەریمۆک غەفوور، جەختی کردەوە لەوەی، بەشێکی تری دەرهێنەران، بە شێوەیەکی زۆر هۆشیارانەتر کاریان کردووە، واتە هەوڵیانداوە پرسیار دروست بکەن لە هەر ئاستێک و لە هەر وڵاتێک دابێت بیخەنە بەردەم هەڵوەستەکردنەوە، بۆ ئەوەی بپرسێ ئەو جینۆسایدانە بۆچی ڕوویان داوە، بۆچی دەبێت گەلی کورد بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی جینۆساید دابێت، ئەو جۆرە دەرهێنەرانە، بە شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ عەقڵی بینەرەکان زیاتر دەگرن و نایانەوێ ختوکەی هەستی بینەر بدەن، بەڵکو دەیانەوێ بینەر لە بەرامبەر بینینی ئەو فیلمانە هەڵوێستی خۆی هەبێت.
دەربارەی گرینگی سینەمای کوردی لە پرسی نەتەوەییدا، کەریمۆک غەفوور، رایگەیاند: سینەمای کوردی پێویستی بەوە هەیە کە، بە شێوەیەکی هۆشیارانەتر لە پرسی جینۆسایددا کار بکات، واتە ئامانجی ئەوە بێت کە بتوانێت پەیوەندییەکی باڵا لەگەڵ بینەری باڵا بگرێت و لە لۆکاڵ دەربچێت، هەروەها کاتێک تۆ دەتەوێت پەیوەندی بینەر لەگەڵ فیلمەکاندا لە ئاستێکی باڵادا بەڕێوە بچێت، ئەوە پێویستی بەوە هەیە کە دروستکردنی فیلمەکان لەسەر جینۆساید دەبێ زۆر تۆکمە بێت، هەم لە رووی فۆڕمی گێڕانەوە، هەم لە رووی دید و تێڕوانین بۆ جینۆسایدەکان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو نووسەرە باس لە جوڵاندنی سۆزی بینەری ناوخۆ و دەرەوە دەکات و دەڵێت: بینەری ئێستا پرسی کورد لەوە دەرچوو کە ئێمە بمانەوێت سۆزی دونیا بۆخۆمان ڕابکێشین، دەبێ لە دەرەوەی سۆز، بەڵکو عەقڵی دونیا بۆ رووداوەکانمان ڕابکێشین، چونکە ئێمە خاوەنی پرسێکی گەورەین، تەنیا بە سۆز ئەو پرسە چارەسەر نابێت، بەڵکو دەبێ وا بکەین کە بینەری دونیا کاتێک فیلمەکانمان دەبینن، هەڵوەستەیەک بەرامبەر ئەو جینۆسایدانەمان وەرگرن.
نووسەر و فیلمساز، کەریمۆک غەفوور، لە ساڵی 1972 لە هەولێرە لەدایک بووە، ساڵی 1986 دەستی بەکاری هونەری کردووە، بەکالۆریۆسی لە دەرهێنانی سینەمادا هەیە، وەکو ئەکتەر و دەرهێنەر، خاوەنی چەندین کاری هونەرییە.

