وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ کوردستان24: دەمانەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی کورد بپارێزرێت

دەیڤد ڤان ویڵ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا
دەیڤد ڤان ویڵ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بە کوردستان24ـی گوت: قەرزاری کوردین لە بەرانبەر ئەوەی دژی تیرۆر جەنگاون، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا چاوکراوە بین.

دەیڤد ڤان ویڵ ئاماژەی بەوەشدا، گرنگە رێککەوتنی 10ـی ئادار لەنێوان هەسەدە و دیمەشق جێبەجێ بکرێت و مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت. 

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتی: دڵخۆشین بەوەی ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق هەیە، هیواخوازین ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیواخوازین گفتوگۆی بنیاتنەر لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی راگوزەری سووریا هەبێت بۆ ئەوەی رێککەوتنی مانگی ئاداری رابردوو جێبەجێ بکرێت.

گوتی: یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی کورد لە وڵاتەکە بپارێزرێت، ئەمە بۆ ئێمە تاکە چارەسەرە، گوتیشی: بە وردی چاودێری هەر پێشێلکارییەکی یاسایە مرۆییەکان لە وڵاتەکە دەکەین.

دەیڤد ڤان ویڵ دەڵێت: ئێمە لەبارەی زیندانییەکانی داعش نیگەرانین، پاراستنی ئاسایشی ئەم زیندانانە، بۆ ئاسایشی هەمووان گرنگە، ئێمە قەرزاری کردین بەرانبەر ئەوەی لە دژی داعش جەنگاون.

گوتیشی: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سووریا ئامادەیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕیووە و بووەتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لە بەرانبەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش چاوکراوە بین.