جۆرێکی دیکەی ڤایرۆس لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە

ئەو ڤایرۆسەی بڵاوبووەتەوە خێرایی بڵابوونەوەی 70% لە ڤێرژنە کۆنەکەی کۆرۆنا زیاترە
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا

K24 – ھەولێر:

جۆرێکی دیکەی ڤایرۆس لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش جارێکی دیکە قەدەغەی ھاتووچۆی راگەیاند.

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو ڤێرژنە نوێیەی ئەو ڤایرۆسەی بڵاوبووەتەوە خێرایی بڵابوونەوەی 70% لە ڤێرژنە کۆنەکەی کۆرۆنا زیاترە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی: کۆبوونەوە و ھاتوچۆی خەڵکی و جیم و یانەکانی شەوانە دادەخرێن و بریارەکەش لە 20ی مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتیشی: "بەداخەوەم، کە پێتان رادەگەێنم ناتوانین بۆ کریسمس لەسەر ئەو پلانەی داماننابوو بەردەوام بین. بۆ سەری ساڵیش دەبێت خەڵک پابەند بن و بڕیارەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. دەزانم خەڵکی چەند گرنگی بەم بۆنانە و کۆتایی ساڵ دەدەن و باپیرە و داپیرەکان خۆیان ئامادەکردووە نەوەکانیان ببینن. دەزانم چەند بەم بڕیارانە نائومێد دەبن بەڵام ئێمە دەبێ گوێ لە زانست بگرین". سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا جەختیكردەوە، "ئێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە جۆرێکی نوێ زیاتر بڵاوبووەتەوە و تیمی راوێژکاری ھەرەشەی ڤایرۆسەکان "نێرڤ" تاگ لە چەند رۆژی رابردوو سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوون لەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە.  

ئاشكراشیكرد، "تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک نیە، کە رێژەی گیان لەدەستدان زیاد بکات بەڵام بەبەراورد بە ڤێرژنی کۆنی ڤایرۆسەکە ئەم جۆرە نوێیە رێژەی گوازرانەوەی 70% زیاترە.

جۆنسن روونیكردەوە، "ئەمە دوایین داتا و زانیارییە و ئێمەش لەبەر رۆشنایی ئەم زانیارییانەدا بڕیار دەدەین،

ئاشكراشیكرد، "چونکە ئێستا ئەو ڤایرۆسە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە. واتە ئەو شوێنانەی ئەو ڤایرۆسەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، پێویستە خەڵکەكە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و جیم و یانە و ئەو شوێنانەی خەڵکیان لێ کۆدەبێتەوە دابخرێن. لە بەیانیەوە ئەم بڕیارانە دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە."