تۆم بەڕاک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ئەمریکاوە سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە ناوی خۆی و سەرۆکی ئەمریکا، سوپاس و پێزانینی گەیاندە سەرۆک بارزانی، ئەوەش بەرانبەر بەو هەوڵە چڕانەی سەرۆک بارزانی خستوویەتییە گەڕ بۆ سەرخستنی دیالۆگ و گەیشتن بە ئاشتی لە سووریا.
ڕۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجام درا.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، تۆم بەڕاک بە ناوی خۆی و دۆناڵد ترەمپەوە، سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا خستوویتییە ڕوو. هەروەها رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ سەرۆکی ئەمریکا و سەرجەم ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە پرۆسەی ئاشتییەکەدا کردووە، پشتیوانیی تەواوەتی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ (30ـی کانوونی دووەمی 2026) دووپات کردەوە و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان. هەروەها سەرۆک بارزانی ڕۆڵی تۆم بەڕاکی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بەم ئەنجامە بەرز نرخاند.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی عێراق، تۆم بەڕاک بە فەرمی داوای لە سەرۆک بارزانی کرد، وەک چۆن لە دۆسیەی سووریادا رۆڵی ئەرێنی هەبووە، ئاواش ڕۆڵی کاریگەر و پێشەنگانەی خۆی لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقدا بگێڕێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
لە وەڵامدا، سەرۆک بارزانی تێڕوانینی خۆی بۆ چارەی ڕیشەیی کێشەکانی عێراق خستەڕوو و جەختی کردەوە کە: "مەرجی سەرەکی بۆ سەقامگیری و چارەی کێشەکان، بریتییە لە جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوور، پاراستنی سەروەریی وڵات و ڕێزگرتن لە پرەنسیپی ئەوەی کە پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن."
ئەمڕۆ دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا، بڵاو کرایەوە و تیاییدا هاتبوو، شەڕ کۆتایی دێت و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەست پێدەکات.