ماکرۆن پشتیوانی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکات
سەرۆکی فەرەنسا، وێڕای پیرۆزباییکردن لە هەسەدە و دیمەشق بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر، پشتیوانی تەواوی پاریسی بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو رێککەوتنە دووپات کردەوە کە خۆی لە ئاگربەستی هەمیشەیی و تێکەڵکردنەوەی ئاشتییانەی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا دەبینێتەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر.
هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریا (هەسەدە) راگەیاند.
سەرۆکی فەرەنسا وێڕای پیرۆزباییکردن لە هەر دوو لا، ئاشکرای کرد کە رێککەوتنەکە گشتگیرە و رێگە بە ئاگربەستی هەمیشەیی و تێکەڵبوونەوەی ئاشتییانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەدات لە چوارچێوەی سیستەمی نوێی ئەو وڵاتە، هەروەها بەڵێنی دا کە فەرەنسا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەم هەنگاوە دەکات.
ماکرۆن لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، پاریس خوازیاری سووریایەکی خاوەن سەروەری، یەکگرتوو و سەقامگیرە کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت و بە تەواوی پابەند بێت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، لەسەر رێگای سەقامگیری، دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سووریا و گەلەکەی.
هەر ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.