هاوسەرۆکانی دەم پارتی: ئیرادەی رۆژئاوا بۆ ئێمە بنەمایە
هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی(دەم پارتی) پێشوازی لە رێککەوتنی گشتگیری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا دەکەن و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن " ئیرادەی رۆژئاوا بۆ ئێمە بنەمایە".
دوای بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکی رێککەوتنی هەسەدە و حکوومەتی سووریا، تولای هاتیمۆغولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە پێگەی فەرمی پارتەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامەکەیان بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە "پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان سەدە و حکوومەتی سووریا دەکەین و پشتگیری دەبین".
هەر لە پەیامەکەدا سوپاسی ئەو وڵات و دامەزراوە و لایەن و کەسایەتیانە دەکەن کە هاوکاربوون لە سەرخستنی ئەم رێککەوتنە. نووسیویانە "سڵاو لە بەرخودانی ئەم خەڵکە کە هەر لە یەکەم رۆژەوە لە سەرتاسەری جیهان بۆ کۆ دەنگی و پشتیوانی رژانە شەقامەکان."
هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەڵێن "ئیرادەی رۆژائاوا بۆ ئێمە بنەمایە و ئەرکی ئێمە پشتیوانی ئەو بڕیارانەیە کە ئەوان دەیدەن. بۆیە دەستخۆشییان لێدەکەین کە ئامادەی دانوستان و رێککەوتن بوون. ئێمە هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کێشەکان بە دانوستان و دیالۆگ چارەسەر بکرێن، ئێستاش پاڵپشت و پشتیوان دەبین".
ئەو پەیامەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە کاتێکدا دێت کە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا راگەیەندرا و دەقی رێککەوتنەکە لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاوکرایەوە.
خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتیبوون لە:
- شەڕ رادەگیرێت و ئاگربەست بەردەوام دەبێت
- بە قۆناغ هێزی سەربازیی و یەکە ئیدارییەکان تێکەڵ دەکرێن
- هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەریەککەوتن دەکشێنەوە
- هێزی وەزارەتی ناوخۆ دەچێتە نێو حەسەکە و قامشلۆ و تێکەڵکردنی هێز دەستپێدەکات
- سێ فیرقە سەربازی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێن
- لە چوارچێوەی فیرقەی پارێزگای حەلەب لیوایەکی سەربای بۆ کۆبانێ پێکدەهێنرێت
- دامەزراوە مەدەنییەکانی خۆسەر دەخرێنە سەر حکوومەتی سووریا و فەرمانبەرەکان جێگیر دەکرێن
- مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد رێککەوتنی لەسەر کراوە
- ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان
- ئامانجی رێککەوتنەکە یەکخستنەوەی خاکی سووریایە بۆ بنیادنانەوەی وڵات