عەباس عێراقچی: ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا دانوستان بكه‌ین

وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ئامادەن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و گەرەنتی ئەوەش دەکەن بیسەلمێنن کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوەتی ئاشتیخوازانەیە و هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست ناکەن.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەل هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، لە دیدارەکەیاندا باسیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی دەستوەردانە دەرەکییەکان کردووە. 

عەباس عێراقچی، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بە تایبەت لە بابەتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئەو کردەوە تیروریستیانەی لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە لایەن ئیسرائیلیەکانەوە کۆنترۆل دەکران، بەرپرسە باڵاکانی تورکیا پشتیوانیان لە ئێمە کرد، هەردوو وڵات هاوڕاین لەسەر ئەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەهۆی دەستوەردانە دەرەکییەکانەوە خەریکە پەرە دەستێنێ، راشیگەیاندووە، لە دیدارەکەدا لەگەڵ هاکان فیدان سەبارەت بە مەترسیی گرژییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی قسەیان کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتیشی،" ئێمە پێمان وایە کە ئاسایشی هەر وڵاتێک لە ناوچە کاریگەری دەخاتە سەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە، حکوومەتی ئێران هەمووکات لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە پێشوازی لە چارەسەری دیپلۆماسی دەکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەوە قەبووڵ ناکات کە لایەنی بەرانبەر ویستەکانی خۆی بسەپێنیت، ئەزموونی پێشوو دەریدەخات کە ئەمریکا هیچکات پابەندی رێککەوتن نەبووە، بەڵام ئێران ئامادەیە بەشداری بکات لە هەموو پرۆسەیەکی دیپلۆماسی کە  لۆژیکی و مانادار بێت و بەرژەوەندیی ئێرانیش گەرەنتی بکات.

جەختی لەووشکردووەتەوە، ئێران ئامادەیە جارێکی دیکە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دانوستان بکات، هەروەها ئێران هیچکات نەیویستووە چەکی ئەتۆمی دروست بکات، هاوکات گەرەنتی ئەوەش دەکات کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هیچ وڵاتێک و ناوچەکە دروست ناکات. 

قسەکانی عەباس عێراقچی لەدوای ئەوە دێت، پێشووتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوا لە ئێران کرد بە زوویی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەڵێت: "هیوادارم ئێران بە زوویی 'بێتە سەر مێز' و دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان بکات، بێ چەکی ئەتۆمی رێککەوتنێک بۆ هەموو لایەنەکان باش بێت. کات لە تەواوبووندایە."