هاکان فیدان: تورکیا پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە دەکات
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق زۆر گرنگە، ئەوەی تورکیا لەهەسەدە و دیمەشق داوای دەکات بە تەواوی قابیلی جێبەجێکردنە.
هەینی 30ـی ژانوونی دووەمی 2026، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، تورکیا پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە دەکات، گوتیشی، بەڵام نیگەرانی و هێڵی سووری تایبەت بەخۆمان هەیە سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانی وڵاتەکەمان کە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پرسانەی کە لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق ماون پێویسته لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتی خاوەن سەروەری و یەکگرتوودا چارەسەر بکرێن، هەروەها پێویستە یەک سووپا لە سووریادا هەبێت.
فیدان گوتیشی،"وەک تورکیا بەها بە کوردانی سووریا دەدەن و پێویستە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، باسی لەوەشکرد، بە سەدان کەس لەنێو هەسەدەدا بوونی هەیە و هاووڵاتی سووری نین، کە تاکە ئامانجییان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا و پێویستە سنوورێکییان بۆ دابندرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، بەردەوامی ئاگربەست لە نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە ڕێگە بە ئەمریکا دەدات زیندانییانی داعش لە سوریاوە بگوازێتەوە بۆعێراق، ئەمەش پێشهاتێکی زۆر گرنگە و پێویستی بە کەشێکی ئارام و ئاسایشێکی پتەو هەیە.
قسەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا دێت لە کاتێکدا، ئەمرۆ ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە ) دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.