کۆرۆنا نوێیەکە گەشتی نێوان بەریتانیا و هۆڵەندا رادەگرێت
K24- هەولێر:
هۆڵەندا (نێزەرلاندس) هاتنی فڕۆکەی گەشتیاریی لە بەریتانیاوە قەدەغە دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە بەریتانیا دۆزرایەوە.
حکومەتی هۆڵەندا لە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو یەکی مانگی داهاتوو هیچ گەشتێک لە بەریتانیاوە بۆ هۆڵەندا ئەنجام نادرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چاودێری رەوشەکە دەکەن و لە داهاتوو رێکاری پێویست دەگرنەبەر.
ئەم بڕیارەی هۆڵەندا دوای ئەوە هات، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، کۆرۆنا نوێیەکە، بە رێژەی 70%، توانای بڵاوبوونەوەی لە کۆرۆنا ئاساییەکە زیاترە.
لە هۆڵەنداش، چەند حاڵەتێکی ڤایرۆسە نوێیەکە تۆمارکراوە کە بە بڕوای بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە بەریتانیاوە ڤایرۆسەکەیان بۆ هاتووە.
Reuters