سەرۆکی ڤەنزۆێلا لێبوردنی گشتی و داخستنی زیندانێکی مەترسیداری راگەیاند
دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی بەوەکالەتی ڤەنزۆێلا، لێبوردنی گشتی و داخستنی زیندانێکی بەدناوی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەم بڕیارە کەمتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەیان لە کاراکاس دەستگیرکرد.
رۆدریگێز لە وتارێکدا لەبەردەم دادگای باڵای وڵاتەکەی رایگەیاند، "بڕیارمان داوە پێشنیازی یاسای لێبوردنی گشتی بکەین کە تەواوی ماوەی توندوتیژییە سیاسییەکان لە ساڵی 1999ەوە تا ئەمڕۆ دەگرێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە پرۆژەیاساکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.
گوتیشی: "ئەم یاسایە ئامانجی ساڕێژکردنی ئەو برینانەیە کە بەهۆی ململانێی سیاسی و توندوتیژی و توندڕەوییەوە دروست بوون، ئەمەش رێگە دەدات دادپەروەری بگەڕێتەوە سەر رێڕەوی خۆی و پێکەوەژیان لەنێوان ڤەنزۆێلییەکان دەست پێبکاتەوە."
داخستنی زیندانی هێلیکۆید
رۆدریگێز بەڵێنی داخستنی زیندانی "هێلیکۆید"ی دا، کە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە وەک ناوەندێکی ئەشکەنجەدان وەسف دەکرێت، لەم بارەیەوە رایگەیاند، "بڕیارمان داوە دامەزراوەکانی هێلیکۆید کە ئەمڕۆ وەک ناوەندی دەستبەسەرکردن بەکاردەهێنرێن، بکرێن بە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی، وەرزشی و رۆشنبیری."
هەروەها نیازی خۆی بۆ رێکخستنی راپرسییەکی نیشتمانیی فراوان بۆ سیستەمێکی دادوەریی نوێ ئاشکرا کرد.
لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەدا، دیارترین کەسایەتییەکانی حکوومەت ئامادە بوون، لەوانە دیۆسدادۆ کابیۆ وەزیری ناوخۆ، خۆرخێ رۆدریگێز سەرۆکی پەرلەمان، ڤلادیمێر پادرینۆ لۆپێز وەزیری بەرگری و تاریق ویلیام سەعب داواکاری گشتی.
فشاری ئەمریکا و ئازادکردنی زیندانیان
ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێن کە لە 3ـی کانوونی دووەم، هێزێکی تایبەتی ئەمریکا نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلای دەستگیرکرد، هەروەها بۆ دادگاییکردن بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان گواستییەوە بۆ ئەمریکا، حکوومەتی ڤەنزۆێلا لەژێر فشاری ئەمریکادا بەڵێنی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی داوە، بەڵام پرۆسەی ئازادکردنەکە بە شێوەی پچڕپچڕ بەڕێوە دەچێت.
بەپێی رێکخراوی ناحکوومی "فۆر پیناڵ"، لانیکەم 711 زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ڤەنزۆێلا ماونەتەوە کە 65یان بیانین، دەسەڵاتداران دەڵێن زیاتر لە 800 زیندانی سیاسییان ئازاد کردووە بەبێ ئەوەی ئەو ناوەیان لێ بنێن.