روانگەی ئیکۆ عێراق: زیاتر لە 11%ـی پارەی مووچە تەنیا بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەیە
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق بڵاویکردەوە، مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران) نزیکەی 11.5%ـی کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، ئەو مووچانەی بە "بەرز و بێ پاساو" وەسف کرد بەراورد بە هاووڵاتیی ئاسایی.
روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەندراوێکەدا ئاشکرای کرد، "کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت تا مانگی تشرینی دووەمی 2025، گەیشتووەتە نزیکەی 56 ترلیۆن دینار."
لەبارەی وردەکاریی مووچەی سەرۆکایەتییەکان لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "مووچەی ئەنجوومەنی وەزیران نزیکەی 5.9 ترلیۆن دینار بووە، ئەنجوومەنی نوێنەران 0.5 ترلیۆن دینار و سەرۆکایەتی کۆمار 0.04 ترلیۆن دینار بووە. بەمەش کۆی مووچەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە دەگاتە 6.46 ترلیۆن دینار."
روانگەی ئیکۆ عێراق پێی وایە، "ئەم خەرجییە خەیاڵییانەی سەرۆکایەتییەکان لەسەر حساب و پشکی ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانەیە کە هاووڵاتی بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێویستییەتی، ئەمەش بە جۆرێک لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دادەنرێت."
روانگەکە دەشڵێت، "ئەم سێ سەرۆکایەتییە راستەوخۆ خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن و هاووڵاتی هەست بە خزمەتەکانیان ناکات، لەکاتێکدا ملیۆنان فەرمانبەر لە بەرامبەر کارە رۆژانەکانیاندا مووچەیەکی کەم وەردەگرن."
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نیشانەی پرسیاری گەورە دەخاتە سەر دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتە گشتییەکاندا.