"بە مەبەستی کەمکردنەوەی مووچە بەهای دینار کەمکراوەتەوە"

عێراق نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و مووچە بە دینار دابین دەکات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئامانجی حکومەتی عێراق لە دابەزاندنی بەهای دینار، راستەوخۆ کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە.

باسم خەشان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، سوودمەندانی مەزادی دراو رێوشوێنی خۆیان لەبەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وەرگرت و قازانجێکی باشیان لێی کرد.

خەشان راشیگەیاند، حکومەت و لایەنە سیاسییەکان چەندین سیناریۆی تایبەتیان لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بڵاوکردەوە، کە تاکە ئامانجیان دەستکەوتی دارایی بوو لە بەرژەوەندی بانکەکانیان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی لە بواری مەزادی دراو کاردەکەن سوودی گەورەیان لەو ئاڵۆزییە بینی و قازانجی گەورەیان تۆمارکرد.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، دابەزاندنی بەهای دینار جگە لە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران هیچی دیکە هەڵناگرێت، کە مووچە قەبارەیەکی گەورەی بودجەی پێکهێناوە، هەروەها دەوڵەت نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و مووچە بە دینار دابین دەکات، بەو هەوڵەی 20%ـی مووچەی فەرمانبەران کەمدەکاتەوە.