ساڵح موسلیم: هیوادارم پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن

ساڵح موسلیم میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24 بوو
ساڵح موسلیم میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24 بوو

ساڵح موسلیم دەڵێت، رێککەوتنی هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەستپێکێکی نوێیە بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان. هیواش دەخوازێت، پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لەبارەی وردەکاریی رێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی کوردستان24 کە لە لایەن عەباس زێبارییەوە پێشکەش کرا. 

 

"رێککەوتنەکە دەستپێکێکی نوێیە"

ئەو بەرپرسەی پەیەدە رێککەوتنەکەی بە "دەستپێکێکی نوێ" بۆ گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ناو برد و گوتی "رێککەوتنەکە ئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤانان، هاوکاریی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و، پاڵپشتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو. دۆستەکانمانیش، بە تایبەت ئەمریکا و فرەنساش رۆڵیان لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا هەبوو."

لەبارەی گەرەنتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ساڵح موسلیم باسی لەوە کرد، پێشتریش چەندین رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا واژۆ کراون، بەڵام بەرپرسانی دیمەشق پێیەوە پابەند نەبوون، بەڵام ئەمجارە ئەمریکا و فەرەنسا گەرەنتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەوەشی خستەڕوو "پێشتر ئەمریکا و فەرەنسا تەنیا چاودێریی رێککەوتنەکانیان دەکرد، بەڵام ئەمجارە جیاوازە و خۆیان گەرەنتییان داوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا خۆی تەلەفۆنی مەزڵووم عەبدی کرد، پێی گوت، رێککەوتنە واژۆ بکەن، خۆم گەرەنتیی جێبەجێکردنیتان پێ دەدەم."

 

لایەنی ئەمنیی رێککەوتنەکە

لەبارەی جێگیرکردنی هێزەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، ساڵح موسلیم روونیکردەوە، رێککەوتنەکە بەو شێوەیە کراوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شوێنەکانی ئێستای خۆیان بمێننەوە و بۆ هیچ شوێنێک پاشەکشێ ناکەن، واتا ناوچە کوردییەکان لە ژێر دەسەڵاتی شەڕڤاناندا دەمێننەوە و هیچ هێزێکی سوپای عەرەبیی سووریا، ناچێتە گوند و شارە کوردییەکان. 

بە گوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، ژمارەیەک کارمەند و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی سووریا بۆ ماوەیەکی کاتی دەچنە حەسەکە و قامشلۆ بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و دامودەزگا حکوومییەکان؛ دواتر دەچنە دەرەوە. 

 

پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان

ساڵح موسلیم رۆڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک بارزانی لە راوەستاندنی شەڕەکە و راگەیاندنی رێكکەوتنەکە بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە دا "هیوادارم پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن و کار بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی بکات بە بەشداریی هەموو لایەن و هێزە سیاسییەکان."

بەرپرسەکەی پەیەدە باسی لەوەش کرد، ساڵی رابردوو، بە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا لە قامشلۆ بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا شاندێکی هاوبەشی دانوستانکار پێکهێنراوە و بەمزووانە دەچێتە دیمەشق بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا. 

 

پوختەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا

شەوی رابردوو (هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026)، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:

- هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

- دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

- کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.

- دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.

- گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.