گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ عێراق خاو بووەتەوە
عێراق داوای کات دەکات بۆ وەرگرتنەوەی چەکدارانی داعش، ئەمەش وایکردووە، پرۆسەی گواستنەوە لە سووریاوە، خاو ببێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەندان سەرچاوەوە بڵاوی کردووەتەوە؛ پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی دەستبەسەرکراوی داعش لە لایەن سوپای ئەمەریکاوە لە سووریاوە بۆ عێراق، خاو بووەتەوە و سستیی تێ کەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، هۆکاری ئەم هێواشبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ داواکاریی عێراق بە ئامانجی بەدەستهێنانی کاتی زیاتر بۆ ئامادەکردنی ئەو گرتووخانانەی بۆ چەکدارەکان دیاری کراون. هاوکات بەغدا دەیەوێت لەم ماوەیەدا لەگەڵ وڵاتانی دیکە گفتوگۆ بکات بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو چەکدارانە بۆ وڵاتانی خۆیان.
لە ماوەی رابردوودا، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا ناسراو بە "سێنتکۆم" رایگەیاندبوو؛ دەستیان بە ئەرکێک کردووە بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لە هێشتنەوەیان لە بنکەی پارێزراودا.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا نزیکەی 500 چەکداری داعش لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە عێراق. وا بڕیارە نزیکەی 7000 دەستبەسەرکراوی داعش لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لەژێر چاودێریی حکوومەتی عێراق بگوازرێنەوە.
ئەم هەوڵانەی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کە وا بڕیارە تا مانگی نۆی ساڵی 2025 کۆتایی پێ بێت.