سوودان؛ ئافرەتان و منداڵان قوربانیی شەڕی ناوخۆن
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شاری فاشیر لە سوودان، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو و هێرشەکانی دیکەدا لە هەرێمی دارفور، ژمارەیەکی زۆر منداڵانیان رفاندووە.
شەممە، 31 کانوونی دووەم، 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "وردەکاریی رفاندنی ئەو منداڵانە، لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 24 شایەتحاڵ وەرگیراون. بە گوێرەی قسەی ئەو شایەتحاڵانە، چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) بە خێزانەکانیان ڕاگەیاندووە کە منداڵەکان وەک کۆیلە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ بەکار دەهێنرێن."
هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) لە مانگی نیسانی 2023ـەوە لەگەڵ سوپای سوودان لە جەنگدان لەسەر ئەوەی کێ ئەو وڵاتە بە یەدەگی کانزایی دەوڵەمەندە، بەڕێوە ببات؟ ئەمە جگە لەوەی خاوەن زەویی کشتوکاڵی بەپیت و بەندەرەکانی سەر دەریای سوورە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیان لەسەر تاوانە جەنگییەکان لەلایەن هەردوو لاوە، داوە؛ لەوانەش بەسەربازگرتنی منداڵان. بەڵام رفاندن و بەکۆیلەکردنی منداڵان لەلایەن RSF و میلیشیا هاوپەیمانەکانییەوە، پێشتر لەلایەن هیچ میدیاکانی دیکەوە راپۆرت نەکراوە.
شایەتحاڵەکان، دوای هەڵهاتنیان بۆ شارۆچکەی 'تاویلا' لە باکووری دارفور یان بۆ رۆژهەڵاتی چاد، راستەوخۆ، یان بە تەلەفۆن، قسەیان بۆ رۆیتەرز کرد. ئەوان باسیان لە 23 رووداوی جیاواز کرد کە تێیدا لانیکەم 56 منداڵ رفێنراون کە تەمەنیان لە نێوان دوو مانگ بۆ 17 ساڵ بووە. شەش کەس لە شایەتحاڵەکان گوتیان "ژمارەیەک لە کەسوکاری خۆمان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە رفێنراون و تا ئێستەش هیچ هەوڵێک لەبارەیانەوە نازانرێت."
بە گشتی نازانريت کۆی گشتیی منداڵە رفێنراوەکان چەندن و هیچ لایەنێکی سەربەخۆش گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانی نەسەلماندووە و ناشزانرێت چارەنووسی منداڵەکان دوای رفاندنیان چییە؟
هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە رفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و کوشتنی دایک و باوکەکانیان نییە. هەرچەند پێشتر رەتیان کردۆتەوە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنییان خستێتە مەترسییەوە.
شاری گەمارۆدراو
شێڵدۆن یێت، سەرۆکی ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە سوودان، دەڵێت: تا ئێستا هیچ راپۆرتێکی سەبارەت رفاندنی منداڵان و بەکارهێنایان وەک کۆیلە پێ نەگەیشتووە، بەڵام ئەو زانیارییانەی کە رۆیتەرز کۆی کردوونەتەوە، بەداخەوە لەگەڵ شێوازی فراوانتری ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارانە دەگونجێن کە بەردەوام، لە سوودان بەرانبەر منداڵان پەیڕەو دەکرێن."
حکوومەتی سوودان، کە بەفەرمی لە لایەن سوپای سوودانەوە پشتیوانیی دەکرێت، لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند "کردەوەی هێزەکانی پشتیوانیی خيرا، لە دارفور، تاوانێکی نامرۆڤانەیە و ناکرێت ئەوە قبووڵ بکرێت. ئەرکی ئێمەیە ئەو هاووڵاتیانە بپارێزین کە لەلایەن گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت و ژیانیان دەخرێتە مەترسییەوە."
هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) پێشتر بەرپرسیارێتی خۆی لەو کارەساتانەی رەت کردووەتەوە کە دەخرێنە ئەستۆی چەکدارەکانیان لە دارفور.
شەڕی ناوخۆی سوودان، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و بڵاوبوونەوەی برسییەتی و نەخۆشی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس؛ بە جۆرێک، نەتەوە یەکگرتووەکان بە گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا ناوی بردووە.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 20ی کانوونی دووەم 2026، نەزهەت شەیم خان، جێگری داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) رایگەیاند "نووسینگەکەی، لێکۆڵینەوە لە تاوانە گوماناوییەکان دەکات کە لەلایەن RSF لە فاشیر کراون، بەتایبەتی توندوتیژیی دژی ژنان و منداڵان."
خان، گوتی: بەپێی ئەو بەڵگانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە، نووسینگەکەم باوەڕی وایە تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە شارەکەدا لە کاتی گەمارۆدان و داگیرکردنی لە لایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، روویان داوە.
کوشتنی دایکان و رفاندنی منداڵان
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردووە چەکدارانی RSF بەزۆر و زەبری چەک ئەو منداڵانەیان رفاندووە، پاش ئەوەی دایک و باوکیان کوژراون، یان کوشتویانن.
شایەتحاڵەکان دەڵێن: لە هەندێک حاڵەتدا، دایک و باوکەکان لەبەر چاوی منداڵەکانیان کوژراون!
بە گوێرەی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە فاشیر، نزیکەی 665 هەزار ئاوارە نیشتەجێن. مەدینە ئادەم خەمیس (38 ساڵ) گوتی: لە زانکۆی فاشیر لەگەڵ ژنان و منداڵانی دیکە دەستبەسەر بووە دوای ئەوەی لە 26ی تشرینی یەکەمی رابردوو هەوڵیان داوە لە شارەکە هەڵبێن.
ئەو گوتی: چەکدارێکی RSF بەناوی "ئەبو لولو" تەقەی لە زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان کردووە، لەنێویاندا ئافرەتێکی دووگیان و 10 منداڵ، پاش کوشتنی ئەوانە، ئەبو لولو و گرووپە چەکدارەکەی، سێ کچ و دوو کوڕی تەمەن نێوان دوو بۆ پێنج ساڵیان لەگەڵ خۆیاندا بۆ جێگەیەکی نادیار رفاند.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، رایانگەیاند "ئەبو لولو دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو و چەند سەربازێکی دیکە دەکەن، سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی دوای کۆنترۆڵکردنی فاشیر کردوویانن." بەڵام ئەم هەواڵە لە لایەن هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەکە لەلایەن RSFـەوە، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ئینتەرنێت بڵاو بوونەوە، نیشانی دەدەن ئەبو لولو، تەقە لە دیلە بێچەکەکان دەکات و دەیانکوژێت.