تومەن لە مانگێکدا 10% بەهای لەدەست داوە
بەهای تومەن لە ژێر کاریگەریی ئەگەری جەنگ و بەرفراوانتربوونی سزاکانی رۆژئاوا و بەردەوامیی قەیرانی ئابووری و رێژەی بەرزی هەڵاوسان لە ئێران لە دابەزیندایە، لەدوای 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، بەهای هەر دۆلارێک 16 هەزار تومەنی دیکە بەرزبووەتەوە و بەهای تومەن10% بەهای خۆی بەرامبەر دۆلار لەدەست داوە.
رێژەی دابەزینی بەهای تومەن لە سێ مانگدا لە 37% زیاترە و لەچاو سەرەتای ساڵی رابردوو دۆلار دوو هێندە بەرامبەر تومەن بەرزبووەتەوە و بە واتایەکی دیکە بەهای تومەن بۆ نیوە دابەزیوە.
دابەزینی بەردەوامی بەهای تومەن کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بۆرسە و بازاڕەکانی تاران هەبووە و سەرجەم پێنوێنەکانی بۆرسەی وڵاتەکەی لە ماوەی رابردودا تووشی پاشەکشە کردووە.
پێنوێنی گشتیی بۆرسەی تاران تاوەکو یەک مانگ لەمەوبەر بریتی بوو لە چوار ملیۆن و 71 هەزار و 6 خاڵ بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ سێ ملیۆن و 927 هەزار و 122 یەکە و لەو ماوەیەدا 143 هەزار و 914 خاڵ دابەزیوە.
متمانەی خەڵك بە بازاڕەکان زۆر کەمی کردووە و راکێشانی پارە و سەرمایە لە بانک و گۆڕینی بە دۆلار، زێڕ و موڵک یان گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات زیادی کردووە.
رێژەی هەڵاوسان لە مانگی یەکەمی زستانی ئەمساڵدا بەرزترین رێژەی تۆمار کرد و گەیشتە 60% و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوو رێژەی بەرز تۆمار بکات.
ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ماوەی رابردوودا پەیوەندی بە گرانبوونی لەرادەبەدەری شتومەک و پێداویستییە سەرەکییەکان و دابەزینی بەرچاوی بەهای تومەن هەبووە.
حکوومەتی ئێران لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە چەند هەنگاوێکی ناوە بەڵام ئەو هەنگاوانە سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانی بەهای تومەن بەرز بکەنەوە وتەنانەت پارێزگاری لەو بەهایە بکات کە پێشتر هەیبوو.
لەچەند هەفتەی رابردوو، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بڕیاری دا سەرۆکی بانکی ناوەندی لە پۆستەکە دوور بخاتەوە و کەسێکی تری لە شوێنی ئەو دانا کە عەبدولناسر هیمەتی بوو. کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە کاتیی بوو و بەهای دۆلاری لە 144 هەزارەوە گەیاندە 135 هەزار تومەن، بەڵام دواتر دیسان شکایەوە و تەنانەت 165 هەزار تومەنی تۆمار کرد.
هەنگاوێکی دیکەی حکوومەتی ئێران بۆ پشتگیری لە بەهای تومەن و رێگریکردن لە هەڵاوسان ئەوە بووە؛ رێگری لە دابەشکردنی دۆلاری پاڵپشتیکراو بکات کە بە 28 هەزار تومەن بۆ هەر دۆلارێک دەستنیشان کرابوو.
دۆلاری پاڵپشتیکراو بۆ هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک دەرمان و پێداویستی خۆراکی و چەندین شتی دیکە بوو، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و سوودوەرگرتن لە دۆلاری وەرگیراو بۆ مەبەستی قازانج و کەسی، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕەکان نەبوو و هەر بۆیە سەرۆک کۆماری ئێران لایبرد و لەشوێنی بڕیاری دا مانگانە ملیۆنێک تومەن پارە بخاتە سەر هەژماری بانکی هاووڵاتییانەوە و ئەو مافەی پێدان بە بەهای ئەو تومەنە لە مارکێتەکان بازاڕ بکەن.
هەر خێزانێکی سێ کەسی بەهۆی ئەو بڕیارە سێ ملیۆن تومەنی پێ درا و ئەگەر بە دۆلار هەژماری بکەین دەکاتە 18 دۆلار، ئەمە کەلێنێکی ئەوتۆی لە پێداویستییەکانی خێزان پڕ نەکردەوە و لە بەرانبەردا نرخەکانی بازاڕ لەسەر هاووڵاتی گرانتر بوون.
لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزی پێشبینی دەکرێت، بەهای تومەن لەو بڕەی ئێستا زیاتر پاشەکشە بکات و قەیرانی ئابووریی وڵاتەکە قووڵتر ببێتەوە و جارێکی دیکە ژمارەی نوێی پێوانەیی لە پێنوێنەکانی هەڵاوسان و بێکاری و سەرجەم کایە ئابوورییەکان تۆمار بکرێن.