نووری مالیکی: سازش لەسەر مافی گەلەکەمان ناکەین
نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت: ئێمە شانازی بە دەستکەوتی ئەم ژیانە سیاسی و دیموکراسییەی ئەمڕۆی عێراقەوە دەکەین کە پاش قوربانییەکی زۆر، وە دەستمان هێناوە.
مالیکی، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا، سەبارەت بە ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، رایگەیاند "هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکان دەریان خستووە، کە گەلی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بە بنیاتنانی دەوڵەتەوە، واتاکانی دیموکراسی و ئازادی و هاوبەشیی سیاسییان وەرگرتووە. لەم سۆنگەیەوە جەخت دەکەینەوە کە ئێمە دەستبەرداری ئەم دەستکەوتە نابین و سازش لەسەر مافی گەلی عێراق ناکەین لە هەڵبژاردنی کەسێک کە متمانەی پێیەتی و بە شایستەی دەزانێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناغەکە."
ئەو، جەختی کردەوە لەوەی "هەڵبژاردنی حکوومەت و سەرکردەکانمان پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت، هەروەک چۆن ئێمە رێز لە هەڵبژاردەی ئەوانی دیکە دەگرین."
مالیکی، دەشڵێت: لەم کەشوهەوایەدا، دەخوازین پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی هەرێمی و وڵاتە زلهێزەکاندا بنیاد بنێین، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە هاوکارییان کردووین و ئەوانەش کە لە داهاتوودا هاوکار دەبن، لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندیی هاوبەش، بەدوور لە هەر دەستێوەردانێک یان پەیوەندییەکی نەرێیی.
سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، لە کوتاییی قسەکانیدا، گوتی: رێزگرتن لە ئیرادە و مافی گەلەکەمان لە هەڵبژاردنی سیستەمە سیاسییەکەی و سەرکردەکانی لە رێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە، پرەنسیپێکی نەگۆڕە لای ئێمە و لێی پاشگەز نابینەوە.