دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا کۆدەکاتەوە

ئێرە ناشڤیلە، هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت. هەڵمەتەکە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە پشتیوانی دەکرێت، ئامانجەکە کەمکردنەوەی بەشێک لەو ئازار و ناخۆشییە کە بەسەر خەڵکی ئەو بەشەی کوردستاندا هاتووە.

خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئەمریکا بەکوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە دوو هەڵمەتمان راگەیاندبوو، هەڵمەتێک لە رێگەی ئۆنلاینەوە کە خەڵک دەتوانن هاوکارییەکان بنێرن، هەڵمەتێکیش دەتوانن بێنە ئێرە و کۆمەکەکانی خۆیان پێشکەش بکەن، گوتیشی، پرۆژەیەکیشمان لەبەردەستە، ئەو پرۆژەیەمان دروست کردووە کە پێی دەگوترێت پرۆژەی  (Buy Me a Coffee)، کە ئەوە پرۆژەیەکی بەردەوام دەبێت، خەڵک دەتوانن مانگانە بڕی پێنج دۆلار، پێشکەش بە دەزگای خێرخوازی بارزانی بکەن، بەمەش  دەتوانین بڕە پارەیەکی باش کۆبکەینەوە بۆ منداڵانی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان، کە بتوانین شیر و جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی تریان بۆ بکڕین و رەوانەی ڕۆژئاوای کوردستانی بکەین.

لەو هەڵمەتەی ئەمڕۆدا، خۆبەخشانی ئەنجومەنی کوردانی ناشڤیل و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە شێوەیەکی چالاک بەشدارییان کرد.

تەعبیر سندی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردانی ناشڤیل گوتی: ئێمە دەنگی ئەوانین، دەنگی رۆژئاواین، دەنگی یەکگرتنی کوردستانین، ئەو کەسانەی دەنگیان لە رۆژئاوا نابیسترێت، لەسەر ئێمەیە هەستی خۆمان دەرببڕین، بە بیانییەکان بڵێین، بانگی خەڵک بکەین کە بێن و هاوکار بن.

ئیپەک خالید، جێگری سەرۆکی ناوەندی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ناشڤیل رایگەیاند، من لەگەڵ ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە ناشڤیل، پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و (TKCC)، چەند رۆژە ئێمە لەگەڵ بازرگان و خەڵکی خۆمان لە ناشڤیل کار دەکەین، تاکو پشتیوانی بکەن و بەشداری بکەن لەم کەمپینەدا، ئێمە خۆشحاڵین ئەمڕۆ هەمووان لەگەڵمان بەشدارن بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە و هەموومان چاوەڕێین ئەم هاوکارییە بگاتە خەڵکی ئێمە لە رۆژئاوا.

سیپەل ئیبراهیم، ئەندامی ناوەندی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ناشڤیل گوتی: لە رۆژێکی ئاوادا نابێت هەموومان لەبیری بکەین کە یەکێتیی ئێمە زۆر گرنگە بۆ گەلەکەمان، لە رۆژێکی ئاوادا دەبێت هەموومان بەشدار بین و هاوکار بین بۆ میللەتەکەمان، ئەمەش ئەرکی ئێمەیە وەک ناوەندی رەوەندی کوردستانی، سوپاسی هەر کوردێک دەکەین کە ئەمڕۆ لێرە لەبەردەم چادرەکەمان وەستاون و هەر شتێکیان بەخشیوە، کەم و زۆر، بەشدارییان کردووە و کارەکەیان بە گەورە زانیوە و ئینشائەڵڵا خێرەکەی ئەوانیش دەگاتە شوێنی پێویست.

هێلین رەمەزان، خۆبەخش باسی لەوەکرد، زۆر زۆر گرنگە، جا دۆلارێک بێت، دوو دۆلار بێت یان هەرچەندێک بێت، ئەمڕۆ ئێستا لێرە بەفر دەبارێت و لای ئێمە چەند ساردە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێمە دەچینەوە ماڵەکانی خۆمان، گەرمیمان هەیە و خواردنمان هەیە، بەڵام خوشک و براکانی ئێمە لەوێ خێزانەکانیان لە دۆخێکی سەختدان، بێ خواردنن، بێ کارەبان، بێ ئاون، جا هەر هاوکارییەک بێت ئەمڕۆ شتێکی زۆر گەورە و گرنگە لەنێو ئێمەدا.

رەوەندی کوردستانی شاری ناشڤیل بە گڕوتینەوە بەشدارییان لەو کەمپەینەدا کرد، بە ئەرکی خۆیان دەزانن لەو ڕۆژە سەختەدا هاوکاری هاونەتەوەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بکەن.

کامیل چەلکی، کوردی دانیشتووی ناشڤیل دەڵێت، وەک تاکێک کە من بەشدار دەبم لەم هەڵمەتی هاوکارییەدا بۆ میللەتەکەمان لە رۆژئاوا، چونکە ئەوان لەوێ خزمەتی میللەتی خۆیان دەکەن، ئینشائەڵڵا ئێمەش بتوانین بە دەنگی خۆمان و بە ماددە بێت یان بە هەر شتێک بێت ئێمەش خزمەتی میللەتی خۆمان بکەین، چونکە ئەمە ئەرکێکە لەسەر شانمان.