فوئاد حوسێن یان نزار ئامێدی؟ سبەی گرێکوێرەی کۆشکی سەلام دەکرێتەوە
لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی هەستیاری بۆشایی دەستووریدا تێدەپەڕێت، چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراقن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار. سەرباری دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەکە، بەڵام بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەلایەک و، پێداگریی نووری مالیکی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لە لایەکی دیکەوە، ئەگەری دووبارە دواخستن یان شکستھێنانی دانیشتنەکەی بەھێز کردووە.
چاوەکان لەسەر بەغدای پایتەختن، کە تێیدا بڕیارە ئەمشەو سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کۆبوونەوەیەکی باڵا و یەکلاکەرەوە ئەنجام بدەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا لە چوارچێوەی راوێژی ئاساییدا نییە، بەڵکو وەک "کۆبوونەوەی نائاسایی و بەپەلە" وەسف دەکرێت بۆ داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بەرانبەر بەو ئاڵنگارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە خێرایانەی رووبەڕووی گەورەترین هاوپەیمانیی شیعە بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەوی "بغداد الیوم"ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەکە بەڕێوە دەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر دۆسیە "هەستیارەکان" دەکرێت. لە سەرووی هەموویانەوە، تاوتوێکردنی ڤیتۆیەکەی ترەمپ لەسەر مالیکی، کە وەک دەستوەردان لە بڕیاری سیاسیی عێراق لێکدراوەتەوە.
بە پێی سەرچاوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات بە هەڵوێستێکی "فەرمی و کۆک"ـەوە وەڵام بداتەوە و ئەگەری هەیە راگەیەنراو دەربکەن کە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسیی عێراق و رەتکردنەوەی فەرمانە دەرەکییەکان بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر پشتڕاستی کردەوە، ئامانجێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو، یەکخستنی هەڵوێستەکانە بەرانبەر پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار.
زوبەیدی ئاشکرای کرد: "لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەدا هاتووە کە گفتوگۆ دەکرێت بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک تا پەیوەندیی بکرێت بە سەرۆک مەسعود بارزانی، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار".
گرێکوێرەی پۆستی سەرۆککۆمار و دابەشبوونی ماڵی کوردی
دوای ئەوەی شەوی رابردوو، پەرلەمانی عێراق وادەی کۆبوونەوەکەی دیاریی کرد، عێراق بە فەرمی پێی خستە نێو قۆناغی "بۆشایی دەستووری"ـیەوە. سەرەڕای دیاریکردنی وادەکە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەگەری شکستھێنانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا بەهێزە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەگەیشتنی هێزە سیاسییەکان بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ پاڵپشتیکردنی کاندیدێک کە بتوانێت زۆرینەی پێویست بە دەست بهێنێت.
ئێستا 18 کاندید کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن، کە هەندێک کەسایەتیی عەرەبیشیان تێدایە وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی نەریتی پشکپشکێنە، بەڵام ململانێ سەرەکییەکە لە نێوان کاندیدە کوردەکەدایە؛ فوئاد حوسێن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
نەبوونی رێککەوتن لە نێو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان
ئەندامێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رۆژنامەی "العربي الجديد"ی راگەیاند، "تا ئێستا هیچ رێککەوتن و تەوافوقێک لە نێوان یەکێتی و پارتی سەبارەت بە پرسی سەرۆککۆمار یان چوونە ناو پەرلەمان بە یەک کاندیدی هاوبەش بوونی نییە".
ئاماژەی بەوەش کرد، کە گفتوگۆکان بەردەوامن بەڵام یەکلایی نەبوونەتەوە، جەختیشی کردەوە کە "هەموو ئەگەر و سیناریۆکان کراوەن، لەوانەش دووبارە کۆبوونەوەکە دوا بخرێت ئەگەر رێککەوتنی سیاسیی پێشوەختە نەکرێت".
لە بەرانبەردا، عودەی خەدران، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، کە سەرکردەکانی چوارچێوەکە لە پەیوەندیی چڕدان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، بە ئامانجی سەرخستنی کۆبوونەوەکەی یەکشەممە و پاراستنی ماوە دەستوورییەکان.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی باڵا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە ئەگەری رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەوا چانسی کاندیدە سەربەخۆکان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە زیاتر دەبێت.
بە پێی سەرچاوە باڵاکە، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، کە وەک سەربەخۆ خۆی کاندید کردووە، رەنگە لە دوا ساتەکاندا ببێتە کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و، بە کۆدەنگی هەموو لایەنەکان هەڵیبژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
مالیکی: سوورم لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی پرسی سەرۆککۆمار، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، رۆژی شەممە جەختی لەسەر مانەوەی خۆی وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو کردەوە، ئەمەش سەرەڕای هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەری.
مالیکی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا رایگەیاند: "پشتبەستن بە ئیرادەی گەل و بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆ، وا دەکات دەستبەرداری مافی گەلی عێراق نەبین لە دیاریکردنی سەرکردەکانیان".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە رێز لە بڕیاری خۆیان دەگرن و داواشی کرد وڵاتانی دیکە رێز لەو بڕیارە بگرن، وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی.
هەڵوێستی ئەمریکا و دابەشبوونی چوارچێوەی هەماهەنگی
پێداگریی مالیکی تەنیا رۆژێک دوای کۆبوونەوەی دێت لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دابوو لە ئەگەری گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات و رایگەیاندبوو کە "ئەمریکا یارمەتی عێراق نادات" ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لە ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"یەوە ئاشکرایان کردووە، کە هێشتا کۆدەنگییەک لەسەر کاندیدکردنی مالیکی نییە و بەشێک لە هێزە کاریگەرەکانی ناو چوارچێوەکە تێبینییان لەسەر دووبارە کاندیدکردنەوەی هەیە، بەو پێیەی بەرژەوەندیی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.