بۆ تاوتوێکردنی جەنگی ئۆکرانیا؛ نێردەی تایبەتی ئەمریکا و رووسیا لە فلۆریدا کۆبوونەوە

لە هەنگاوێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و رووسیا بۆ کاروباری ئاشتی لە ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسی کردەوە.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەرکەکانی ئاشتی، رایگەیاند، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ کیریل دیمیتریێڤ، نێردەی تایبەتی رووسیا ئەنجامداوە. ویتکۆف ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکان ئەرێنی و بنیاتنەر بوون و ئامانج لێیان گەیشتنە بە رێککەوتنێکی ئاشتییانە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ خوێناوییەکانی ئۆکرانیا.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئەو ئاراستەیەی لە کۆبوونەوەکاندا بینراوە جێگەی هاندەر بووە، چونکە رووسیا ئارەزووی خۆی نیشانداوە بۆ کارکردن لەپێناو زامنکردنی ئاشتییەکی بەردەوام. ویتکۆف جەختی کردەوە کە ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکانی ئەمریکادایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ویتکۆف سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ ئەو هەوڵە جددیانەی دەیاندات لە پێناو چەسپاندنی ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا، کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت کە ماوەی چەند ساڵێکە کاریگەری گەورەی لەسەر جیهان دروست کردووە.