سبهی شاندێكی چوارچێوهی ههماههنگی سهردانی ههولێر دهكات
شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، سبەی سەردانی هەولێر دەکات. ئەندامێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای دەکات، کە ئامانجی سەردانەکە دانانی "نەخشەڕێگەی کۆتایی"ـیە بۆ هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران."
لە چوارچێوەی جووڵە سیاسییە خێراکان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، بڕیارە سبەی یەکشەممە 1ـی شووباتی 2026، شاندێکی "چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهاتووە لە؛ محەممەد شیاع سوودانی، موحسین مەندەلاوی و هادی عامری، سەردانی شاری هەولێر بکات و لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 وردەکاریی سەردانەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "سەردانی شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەولێر، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە و ئامانج لێی گفتوگۆکردنە لەسەر دوو دۆسیەی هەستیار: یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق".
بە پێی زانیارییەکان، شاندەکە ئامانجێتی لەگەڵ هەردوو حزبی سەرەکیی کوردستان پارتی و یەکێتی، گفتوگۆ سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار بکات.
چاودێران پێیان وایە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت دڵنیایی وەربگرێت لە هێزە کوردییەکان بۆ پشتیوانیکردنی کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، لە بەرانبەر ئاسانکاری بۆ تێپەڕاندنی کاندیدی کورد بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار.
ئەم سەردانەی شاندی چوارچێوەکە بۆ هەولێر لە کاتێکدایە، کە بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبێتەوە.