پاریس پشتیوانیی لە "رێککەوتنی گشتگیر"ـی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات

سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆک سووریا، پیرۆزبایی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتنی گشتگیری نێوان دیمەشق و هەسەدە دەربڕی و رێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد.

شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆک سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی کۆماری فەرەنسا ئەنجام دا. 

لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پشتیوانیکردنی سووریا لە پرۆسەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە کرا.

تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە باسکردنی "رێککەوتنی گشتگیر" کە لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە.

سەرۆکی فەرەنسا پیرۆزبایی خۆی بۆ ئەم رێککەوتنە دەربڕی و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کرد. ماکرۆن جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم رێککەوتنە کردەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی مسۆگەرکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی سەروەرییەکەی.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسیی سووریا و بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی سەقامگیری کردەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بە پابەندبوونی وڵاتەکەی کرد بە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی بۆ پشتیوانیکردنی سووریا و گەلەکەی، بەت ایبەت لە هەرسێ پرسی: بەدیهێنانی سەقامگیری، چەسپاندنی دادپەروەری و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.