سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع تاوتوێی ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدەیان کرد

سەرۆک بارزانی و سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە و تێیدا ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشقییان تاوتوێ کردووە.

یەکشەممە 1 شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بڵاو کردەوە، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دواین پێشهاتەکان و ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی سووریا، سەرۆک بارزانی، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ڕێککەوتنە گشتگیرە دەربڕیوە کە لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە. سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە زەروورەتێکە بۆ مسۆگەرکردنی یەکپارچەیی و سەقامگیریی سووریا.

لای خۆیەوە، ئەحمەد شەرع جەختی لە پەرۆشیی دەوڵەتی سووریا کردووەتەوە بۆ پاراستنی مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کوردانی سووریا، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە سەرجەم هاووڵاتییانی سووریا لەبەردەم یاسادا یەکسانن و خاوەنی مافی هاوبەشن.

هەروەها هەر دوو لا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە.