هاوپەیمانیی نەسر: دەوڵەت ئەمانەتە و نابێت "قومار"ـی پێوە بکرێت
لە کاتێکدا مشتومڕەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار گەیشتوونەتە لوتکە، هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی هۆشداریی دەدات و رایدەگەیەنێت کە دەوڵەت "ئەمانەتە" و ناکرێت لەژێر هیچ بارودۆخێکدا "قوماری" پێوە بکرێت.
درەنگانی شەوی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، هاوپەیمانیی نەسر راگەیەنراوێکی فەرمیی لەسەر دۆخی سیاسی و پرسی پێکهێنانی حکوومەت بڵاو کردەوە و تێیدا هەڵوێستی خۆی بەرانبەر کاندیدەکان و هاوکێشەی حوکمڕانیی داهاتوو ڕوون کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا جەخت لەسەر پێویستیی تێپەڕاندنی شایستە دەستوورییەکان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتەکان دەکەینەوە، هاوکات پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە بەرژەوەندییە چارەنووسسازەکانی گەل و دەوڵەت دەبێت لە پێشینە بن لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کاندیدێک یان هەر هاوکێشەیەکی حوکمڕانیی داهاتوو".
هاوپەیمانییەکە مەرجی ئەوەی داناوە کە پرۆسەکە دەبێت "دوور بێت لە پاشکۆیاتی، بیری بەرتەسکی حزبایەتی، یان بەرژەوەندیی کەسی"، بە تایبەتی لەم دۆخە "نائاسایی"ـەی کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن.
سەبارەت بە رۆڵی هێزە شیعەکان، هاوپەیمانیی نەسر ئاماژەی بەوە کردووە، "یەکڕیزیی بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکخستنی ریزە نیشتمانییەکان بەرانبەر هەر کاندیدێک، زامنی یەکڕیزیی هەڵوێستی نیشتمانییە بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسی و پتەوکردنی، چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا".
هاوپەیمانیی نەسر پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی لایەنەکان کردووە و دەڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە کە بەرژەوەندییەکانی گەل لە سەرووی بەرژەوەندیی کەسەکانەوەیە و، دەوڵەت ئەمانەتە و دروست نییە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا قوماری پێوە بکرێت".