سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع تاوتوێی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدەیان کرد

سەرۆک بارزانی و سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە و تێیدا رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشقییان تاوتوێ کردووە.

یەکشەممە, 1 شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ناوەرۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای بڵاو کردەوە، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی سووریا، سەرۆک بارزانی، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو رێککەوتنە گشتگیرە دەربڕیوە کە لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە. سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە زەروورەتێکە بۆ مسۆگەرکردنی یەکپارچەیی و سەقامگیریی سووریایە.

لای خۆیەوە، ئەحمەد شەرع جەختی لە پەرۆشیی دەوڵەتی سووریا کردووەتەوە بۆ پاراستنی مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کوردانی سووریا، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە سەرجەم هاووڵاتییانی سووریا لەبەردەم یاسادا یەکسانن و خاوەنی مافی هاوبەشن.

هەروەها هەر دوو لا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە، بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە.