لە بەلوچستان زیاتر لە 120 کەس کوژران
لە ئەنجامی هێرشی جوداخوازان لە پارێزگای بەلوچستانی باشووری رۆژئاوای پاکستان، زیاتر لە 120 کەس لە هاووڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی جوداخواز کوژران، کە سێ لە چەکدارەکان خۆکوژ بوون.
ئەم هێرشانە رۆژێک دوای ئەو دێت کە سوپای پاکستان، کوژرانی 41 چەکداری جوداخوازی لە بەلوچستان راگەیاندبوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، سوپای پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، چەکدارانی جوداخواز لە چەندین شوێنی کوێتای پایتەختی پارێزگاکە و گوادار هێرشیان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 18 هاووڵاتی مەدەنی و 15 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 92 چەکداری جوداخواز کوژراون.
سوپای رزگاریخوازی بەلوچستان کە گەورەترین گرووپی جوداخوازە لەو پارێزگایەی کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان و ئێران، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند.
ئەو گرووپە رایگەیاندووە، دامەزراوە سەربازی و پۆلیسەکانیان کردۆتە ئامانج و رێگاوبانەکانیان داخستووە بۆ دواخستنی وەڵامدانەوەی سوپا، بەپێی راگەیەندراوەکە، چەند ئافرەتێکیش بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، پشتیوانی خۆی بۆ سوپای وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەرگریکردن لە وڵات، هەروەها هیندستانی تۆمەتبارکرد بە پشتیوانیکردنی چەکدارانی جوداخوازەکان.