وردەکاریی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ئاشکرا کرا
پێگەی هەواڵی (مجەلە) دەقی رێککەوتنێکی نوێی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کردووە، کە لە 29ـی کانوونی دووەمی 2026 واژۆ کراوە. رێککەوتنەکە لە 14 بەند و چوار قۆناغی جێبەجێکردن پێکهاتووە کە دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا جێبەجێ بکرێن، جگە لە قۆناغی پێنجەم کە پابەندبوونی هەمیشەیی دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست کەوتووە، خاڵەکانی رێککەوتنەکە دابەشکراون بەسەر دۆسیە سەربازی، ئەمنی، ئیداری و ئابوورییەکاندا بەم شێوەیەی خوارەوە:
1. ئاگربەست و زیندانەکان
راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و راگرتنی سەرجەم هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنەکان. لەگەڵ بەردەوامیی پاراستنی زیندانەکانی داعش لەلایەن هەسەدەوە و دابینکردنی پشتیوانیی لۆجیستی تەواو بۆ پڕۆسەکانی گواستنەوە.
2. کشانەوەی سەربازی
کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی هەسەدە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری رێککەوتوون، لە بەرانبەردا سوپای سووریا دەستبەجێ دەکشێتەوە بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە.
3. پێکهێنانی هێزی سەربازی لە حەسەکە
وەزارەتی بەرگریی سووریا فیرقەیەکی سەربازی تایبەت بە پارێزگای حەسەکە پێکدەهێنێت و هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ لیوادا لەو فیرقەیەدا تێکەڵ دەکرێن.
4. هێزەکانی کۆبانێ
تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکانی کۆبانێ وەک لیوایەک کە سەر بە فیرقەیەکی سەربازیی پارێزگای حەلەب دەبێت.
5. دۆسیەی ئەمنی و وەزارەتی ناوخۆ
هاتنەناوەوەی 15 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەر یەک لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکانی هەسەدە (ئاسایش) بە وەزارەتی ناوخۆ.
6. دابەشکردنی پۆستە باڵاکان
دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە (هەسەدە کاندیدی دەکات).
دیاریکردنی فەرماندەی پۆلیس/ئاسایشی پارێزگا (حکوومەتی سووریا کاندیدی دەکات).
دیاریکردنی جێگری وەزیری بەرگری (هەسەدە کاندیدی دەکات).
7. رادەستکردنی شوێنە هەستیارەکان
رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی "رمێلان و سوەیدیە" و تێکەڵکردنی فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان بە وەزارەتی وزە.
رادەستکردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی.
8. دەروازە سنوورییەکان
ناردنی تیمێک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ دەروازەی سێمالکا و نوسەیبین بۆ بەفەرمیکردنی کارمەندە مەدەنییەکان، رێگریکردن لە بەکارهێنانی دەروازەکان بۆ هێنانی چەک و بیانییەکان، و کردنەوەی دەستبەجێی دەروازەکان.
9. دامەزراوە مەدەنییەکان
حکوومەتی سووریا سەرپەرشتی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە دەکات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات، لەگەڵ بەفەرمیکردنی ئەو فەرمانبەرە مەدەنییانەی تێیاندا کار دەکەن.
10. قەدەغەی هێزی سەربازی لە شارەکان
قەدەغەکردنی چوونی هێزە سەربازییەکان بۆ ناو شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان.
11. داننان بە بڕوانامەکان
چارەسەرکردن و پەسەندکردنی سەرجەم بڕوانامەکانی خوێندنگە، پەیمانگا و زانکۆکان کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەریی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە دەرچوون.
12. مۆڵەتی رێکخراو و میدیاکان
مۆڵەتدان بە هەموو رێکخراوە ناوخۆیی و رۆشنبیرییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
13. خوێندنی کوردی
کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی خوێندنی پێکهاتەی کورد و رەچاوکردنی تایبەتمەندییە پەروەردەییەکان.
14. گەڕانەوەی ئاوارەکان (عەفرین و سەرێکانی)
زامنکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان (عەفرین، شێخ مەقسود، سەرێکانی)، و دانانی بەرپرسی خۆجێیی لەناو ئیدارە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانە.