ئێران؛ لە خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون

نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا لیستی ناوی دوو هەزار و 986 کەسی لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێرانی بڵاو کردەوە.

دووشەممە، 02 شوبات، 2026، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' بڵاوی کردووەتەوە "بە گوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆککۆمار، ئەو لیستە بە گوێرەی سیاسەتی شەفافییەت، بەرپرسیارێتی و وەڵامدانەوە، لەسەر فەرمانی سەرۆککۆمار پزیشکیان، بە کۆکردنەوەی ئەو ناوانەی کە لەلایەن پزیشکی دادوەریی وڵاتەوە ئامادە کراون و لەگەڵ سیستەمی رێکخراوی تۆماری باری شارستانی بەراورد کراون، ئامادە کراوە."

لە راگەیەنراوەکەی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێراندا هاتووە "بە داخەوە رایدەگەیەنین کە ئاماری گشتیی گیانلەدەستداوانی رووداوەکانی ئەم دواییە، وەک چۆن پێشتریش راگەیەندرا بوو، سێ هەزار و 117کەسن. لیستی تایبەتمەندییەکانی دوو هەزار و  986 کەس لە پاشکۆی ئەم راگەیەنراوەدا بڵاو دەکرێتەوە. هی جیاوازیی 131 کەس لەگەڵ ئەو ئامارەی پێشتر راگەیەندراوە، پەیوەندی بە نادیاربوونی ناسنامەی ژمارەیەک لە کەسەکان و بوونی جیاوازی لە تۆماری کۆدی نیشتمانی ژمارەیەک لە گیانلەدەستداوان لەگەڵ سیستەمی تۆماری باری شارستانی هەبووە، کە بەو پەڕی خێرایی دوای راستکردنەوە لە لیستێکی دیکەدا دەخرێنە روو."

نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا نووسیویەتی "لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا پێگەیەکی تایبەتی بۆ هەر جۆرە زانیاری و بانگەشەیەکی نوێ سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە ناوی قوربانییەکان رادەگەیەنین کە تێیدا وەڵامی راست و تەواوی هەموو گومانە ئەگەرییەکان بدرێتەوە."