حکوومەتی تورکیا لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، کابینەی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وڵاتە کۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەگەڵ پرسی یەکخستنی هەدەسە بە سوپای سووریا دەبێت.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە گرتنەبەری ئەو رێکارانە دەدرێت کە لە ئەگەری روودانی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، پێویستە بگیرێتەبەر؛ لەگەڵ ئەوەش بابەتی نێوەندگیریی تورکیا لە نێوان هەردوولا دەخرێتە بەرباس.
هەروەها تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، یەکخستنی هەسەدە لە ناو سوپا و دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە دۆسیەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێت، لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێکراوە.
چاوەرێ دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بکات.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت، تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیریکردن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بۆ بەلاوەنانی گرژییەکان و گەڕانەوەیان بۆ دانوستاندن، دەربڕیبوو.
هەینی رابردوو، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئیستانبۆڵی کرد و دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانیان ساز کرد، لە کۆنفرانسەکەدا عراقچی گوتی: بڕوامانوایە ئاسایشی هەر وڵاتێکی ناوچە کاریگەری لەسەر ئاسایشی تەواوی وڵاتانی دەوروبەری دەبێت، حکوومەتی ئێران هەمووکات لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە پێشوازی لە چارەسەری دیپلۆماسی دەکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەوە قەبووڵ ناکات کە لایەنی بەرانبەر ویستەکانی خۆی بسەپێنیت، ئەزموونی پێشوو دەریدەخات کە ئەمریکا هیچکات پابەندی رێککەوتن نەبووە، بەڵام ئێران ئامادەیە بەشداری بکات لە هەموو پرۆسەیەکی دیپلۆماسی کە لۆژیکی و مانادار بێت و بەرژەوەندیی ئێرانیش گەرەنتی بکات.